٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

دەنگی ڕووسیا: لە لایەن پێنج وڵاتەوە داعش چەکی پێشکەوتووی پێ‌گەییشت

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ-KDP.info-  زانیاری هەیە کە، چوار هێلیکۆپتەری پڕ لە چەک لە وڵاتانی بیانییەوە گەیەنراوەتە دەست ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش لە قەزای تەلەعفەر.

ماڵپەڕی دەنگی ڕووسیا بڵاوی کردووەتەوە کە، چوار هێلیکۆپتەری پڕ لە چەک و تەقەمەنیی پێشکەوتوو کە لە پێنج وڵاتی بیانییەوە، گەییشتووەتە گەورەترین قەزا لە باکووری عێراق، بەرانبەر بە ئەو پارەیەی داعش لە بانکەکانی عێراق دەستی بەسەردا گرتووە.

بەر لە نیشتنەوەی هێلیکۆپتەرەکان کە چەکیان دەگەیاندە دەستییان، ڕێکخراوی داعش، چەکدارەکانی خۆی کە عێراقین، لە قەزای تەلەعفەر دوور خستبوونەوە و دەتبەسەری کردبوون تا زانیارییان لەبارەی ئەو وڵاتانەوە نەکەوێتە دەست کە چەکیان بۆ ڕەوانە کردوون.

ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق(نەهلە ئەلهەبابی) بە "ڕووسیا سیگۆدینا"ـی ڕاگەیاندووە، ئەو هێلیکۆپتەرانەی لە فڕگەی تەلەعفەر نیشتوونەتەوە، چوار دانە بوون و پێشکەوتووترین چەکیان پێ بووە کە بۆ داعشیان هێناوە، لە بەرانبەر ئەو پارە و سامانە زۆرەی ڕێکخراوی داعش لە بانکەکانی پارێزگای نەینەوادا بە تاڵان بردوویەتی.

(ئەلهەبابی) زیاتر گوتی، بەپێی زانیارییەکانیان لە قەزای تەلەعفەرەوە کە پێیان گەییشتوون، لەپێناو پاراستنی ناوی ئەو وڵاتانەی کە چەکیان بۆ داعش ناردووە، لە کاتی داگرتنی چەکەکاندا، کۆی چەکدارە عێراقییەکانیان لەو شوێنە دەستبەسەر کردوون، تەنیا هێلیکۆپتەرێکیان نەبێ کە دوو سەعات درەنگ کەوتووە ئەویش لەبەر ئەوە بووە کە، دوای چەک لێ داگرتنی، پڕ لەو پارە عێراقییە کراوە کە کەوتووەتە بن دەستی داعش.

پاش گەییشتنی ئەو چەکە پێشکەوتووانەیش لە لایەن پێنج وڵاتی بیانی و هەرێمییەوە، داعش لەو قەزایەدا ئاهەنگی ساز داوە، ئەو پەرلەمانتارە وا دەڵێ.
ئەو پەرلەمانتارە لەوەیش بە گومانە کە، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە نیشتنەوەی ئەو هێلیکۆپتەرانە لە قەزای تەلەعفەر، هەروەها فڕگەی مووسڵیش بێئاگان.

زریان زیاد

 

هەواڵی پەیوەندیدار