خۆپێشاندانیان ساز دا.. دەرچووانى زانکۆ و پەیمانگاکانی خانەقین لە حکوومەت نیگەرانن

خانەقین-KDP.info- دەرچووانى زانکۆ و پەیمانگاکان لە شارى خانەقین، وەک لەبەر ئەوەی تەنیا خانەقین لە پڕۆسەى دامەرزاندنى مامۆستا بە شێوەى گرێبەست بێبەش کراوە، ئەم بەیانییە خۆپێشاندانیان ساز دا و داوایش دەکەن پشکى ئەوانیش لەو گرێبەستانە دیاری بکرێ.
(سەلام عەبدوڵڵا) یەکێک لە بەشداربووانى خۆپێشاندانەکە، بە ماڵپەرى فەرمیى پارتیى دیموکراتى کوردستانى راگەیاند، دەرچووانى زانکۆ و پەیمانگا لە شارۆچکەى خانەقین بە مەبەستى ناڕەزایى دەربڕین خۆپێشاندانێکیان بۆ بەردەم پەروەردەى خانەقین رێک خست و شەقامى بەردەم پەروەردەیان داخست.
(سەلام عەبدوڵڵا) گوتیشى: "لە دواپرۆسەى دامەزراندنى مامۆستادا لە لایەن حکوومەتى هەرێمەوە بە شێوەى گرێبەست، پشکى سەرجەم ناوچەکانى هەرێمى کوردستان بە ناوچەى کەرکووکیشەوە دراوە، تەنها پەروەردەى خانەقین بێبەش کراوە و ئەمەش جێگاى قبووڵکردن نییە."
راشیگەیاند: "خانەقین شارێکى کوردستانییە و هاوکات پەروەردەى کوردى لە خانەقین سەر بە پەروەردەى گەرمیانە و هەروەها لە خانەقین دوو پەیمانگا و کۆلیژێکى سەر بە حکوومەتى هەرێمی لێن، پێویستە حکوومەتى هەرێم ناوچەکە هاوشێوەى ناوچەکانى هەرێم ئەژمار بکات."
(عەبدوڵڵا) روونیشی کردەوە: "تا حکوومەتى هەرێم داوکارییەکانیان جێبەجێ دەکەن کە دابینکردنى پشکى تایبەتە بە دەرچووانى خانەقین، ئەوا بەردەوام دەبن لە ناڕەزاییەکانیان."
کاروان جاف




