ئاشتى کۆچەر ڕەتی دەکاتەوە.. هیچ کەس بە هۆی کەمیی پێداویستییەوە لە چیای شنگال گیانی لە دەست نەداوە

ئاشتى کۆچەر ڕەتی دەکاتەوە.. هیچ کەس بە هۆی کەمیی پێداویستییەوە لە چیای شنگال گیانی لە دەست نەداوەلە هەندێک سایت و کەناڵى راگەیاندن وەها بڵاو کراوەتەوە کە 20 ئاوارەى چیاى شنگال بە هۆى خراپیى رەوشى گوزەرانیانەوە لە چیای شنگال گیانیان لە دەست داوە. بەڵام بەرپرسى میحوەرى چیاى شنگال عەمید (ئاشتى کۆچەر) ئەم هەواڵانە ڕەت دەکاتەوە و بە ماڵپەرى فەرمیى پارتیى دیمورکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: "هەرچەند بە هۆی سەرماوسۆڵەوە گوزەران لە چیاى شنگال بۆ ئاوارەکان کەمی سەختتر بووە، کە ئەمەیش بە هۆی ئەوەوەیەی کە فڕۆکەکان لەبەر خراپیى کەشوهەوا ماوەیەکە نایانتوانیوە خۆراک و کەلوپەلی دیکەی پێویست بگەیەننە چیاکە، بەڵام هێشتا کات نەگەییشتووەتە ئەوەی کە هیچ ئاوارەیەک گیان لە دەست بدات."
(ئاشتى کۆچەر) زیاتر گوتی: "سەرکردایەتیى سیاسیى پارتیى دیموکراتى کوردستان لە ئێستادا لە هەوڵى تەواودان و خەریکى کردنەوەى رێگایەکن بۆ گوازتنەوەى ئەو برا ئاوارانە لە چیاى شنگالەوە بەرەو پارێزگاکانى هەرێم و بەم نزیکانەیش ئەم کارە دەکرێت."
(کۆچەر) ئاماژەیشی دا: "ئێمە لە چیاى شنگال بنکەیەکى تەندروستیمان هەیە کە، لە لایەن وەزارەتى تەندروستیى حکوومەتى هەرێمى کوردستانەوە گشت پێداویستییەکى تەندروستى بۆ دابین کراوە و هەر کەسێک بارى تەندروستى تێک بچێت لە لایەن ئەو بنکەیەوە چارەسەری پیویستی بۆ دەکرێ، ئەگەر نەخۆشیێکى قورسیشی هەبێت ئەوا بۆ پارێزگاى دهۆک دەگوێزرێتەوە. "
نزیکەی 1300 خێزان کە دەبنە نزیکەى 10500 کەس بە ئاوارەیی لە چیاى شنگال ماونەتەوە، لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە بە فرۆکە خۆراک و پێداویستییان بۆ رەوانە دەکرێ و هێزەکانى پێشمەرگەش بۆ پاراستنى تەواوى چیاکە لە دژى تیرۆریستانى داعش لەو چیایە دەجەنگن، چەندان هێرشى تیرۆریستانى داعشیشیان تێک شکاندوون.
نەشوان بەرزنجى




