ئاساییشی كەركووك ڕەتی كردەوە ئەمیرێكی داعشی گرتبێت و ئازادیشی كردبێت.. سكاڵای یاسایی لەسەر كەناڵێك تۆمار دەكەن

كەركووك-KDP.info- بەرێوەبەری گشتیی ئاساییشی كەركووك (هەڵۆ نەجات) هەواڵی كەناڵێكی كوردی پێوەست بە دەستگیركردنی ئەمیرێكی داعش بە ناڕاست ناو برد و جەختیشی كرد كە سكاڵا لەسەر ئەو كەناڵە تۆمار دەكەن.
كەناڵێكی ئاسمانیی كوردی، هەواڵێكی بڵاو كردەوە كە گوایە لەلایەن ئاساییشی كەركووكەوە ئەمیرێكی تیرۆریستی داعش دەستگیر كراوە و دواتر ئازاد كراوە، بەڵام وەک بەڕێوەبەری ئاساییشی كەركووك ڕایگەیاند، ئەوان هیچ ئەمیرێكیان دەستگیر نەكردووە تا ئازادی بكەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، بەرێوەبەری گشتیی ئاساییشی كەركووك (هەڵۆ نەجات) لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەو هەواڵە لە ڕاستییەوە دوورە و هیچ ئەمیرێكی داعش دەستگیر نەكراوە تا ئازاد بكرێت، ئەو هاووڵاتیەش بە ناوی (كەمال عەدنان مەرعی) كە دەستگیر كراوە، خۆی ڕادەستی ئاساییشی داقوق كردووە و هیچ تاوانێكی ئەنجام نەداوە، بۆیە ئازاد كراوە.
بەڕێوەبەری ئاساییشی كەركووک راشیگەیاند كە، سكاڵای یاسایی دژ بە كەناڵەكە تۆمار دەكەن.




