٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارتی، هەرچوار پارچەی کۆ کردنەوە.. ڕەشنووسێكی كوردستانییان بە سۆسیال ئینتەرناسیۆنال دا

سەرچاوە: KDP.info

ژنێڤ-KDP.info-  بەسەرپەرشتی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە ژنێڤ، لایەنەکان کە لە یەکێتیی نیشتیمانی، بەدەپە، پەیەدە، هەردوو حیزبی دیموكراتی ئێران و كۆمەڵە و ئەنجوومەنی كورد بوون، دوای گفتوگۆیەكی چڕوپر لەسەر ڕا و پێشنیازەكانی شاندی "پ.د.ك"، دەرەنجام هەموو كۆك بوون لەسەر نووسینی رەشنووسێك وەک بڕیارنامەی یەكدەنگیی كورد كە پێشكەشی سەرۆكایەتیی كۆنگرەی سوسیال ئینتەرناسۆنالی بكەن.. لە رەشنووسەكەیشدا پرسی پێشمەرگە و چەكی قورس بۆ پێشمەرگە و رەوشی ناوچەكە لە بەرچاو گیراون.

شاندی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە ژنێڤ رۆڵی چی گێڕا؟
شاندێكی پارتیی دیموكراتی كوردستان  لەمیانی بەشدارییان لە كۆنگرەی سۆسیال ئینتەرناسیۆناڵ لە ژنێڤ، وێڕای گەیاندنی پەیامی هەرێمی كوردستان لە رووی جەنگی دژ بە تیرۆریستان و رۆڵی هەرێم لە ناوچەكە و بوێری و قارەمانێتیی پێشمەرگە لە رووبەڕووبەنەوەی تیرۆریستاندا، هاوكات توانییان گشت پارتییە كوردییەكان كۆ بكەنەوە و، لەژێر سەرپەرشتیی ئەو شاندە رەشنوسێكی گرینگ و بایەخدار پێشكەشی  سۆسیال ئینتەرناسیۆنال بكەن.
هەروەك شاندی پارتیی لە كۆنگرەكەدا سەرپەرشتیی دانیشتنێكی تایبەتی بۆ ئامادەكردنی رەشنووسی بڕیارنامەیەكی كۆبوونەوەی فراوانی سۆسیال ئینتەرناسیۆناڵ كرد كە، دانیشتنەكە پێوەست بە شەڕی تیرۆر لە عێراق، سووریا و رۆڵی پێشمەرگە و پشتیوانیكردنی هەرێمی كوردستان لە حەوانەوەی 1,5 ملیۆن پەنابەر بوو، هاوكات جەختیشیان لە پشتیوانیی پێشمەرگە لە بوونی چەكی پێویست بۆ سەركەوتنی زیاتر و یەكجارەكی بەسەر تیرۆریستاندا كرد. رۆڵی ئەو شاندەیش گرینگ بوو لە كۆكردنەوەی دەنگە كوردییەكان بۆ پاڵپشتی و گەیاندنی دەنگی كورد بە سۆسیال ئینتەرناسیۆناڵ، كە لە نێو رەشنووسەكەدا، چەندین پێشنیازی ستراتیژیی ئاساییشی ناوچەكە درایە سەرۆكایەتیی كۆنگرەكە و تێیدا رۆڵی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستانیان بەرز نرخاند لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بەخشینی كۆمەڵێك قوربانی لە قارەمانانی گەلی كورد، بۆ ئازادی و نیشاندانی رەنگە جیاوازەكان لە هەرێمی كوردستاندا و ڕەنگدانەوەی بۆ ناوچەكە.

ئێوارەخوانێك بۆ گشت پارتییە كوردییەكان
لە درێژەی سەردانەكەی شاندی پارتیی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتیی ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و بەرپرسی پێوەندییەكانی دەرەوەی پارتی (هێمن هەورامی) و ئەندامیەتیی هەریەكە لە (زۆزان بەرواری) و (سەربەست زەینەڵ) و (ئازاد گولەیی)، لە دووەم رۆژی كۆنگرەی سوسیال ئینتەرناسیۆناڵ لە شاری ژنێفی وڵاتی سویسرا لە بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان، پێوەست بە پرسی ئاشتی و ئاساییشی جیهان، شاندی پارتیی دیموكراتی كوردستان نیوەڕۆخوانێكیان بۆ سەرجەم پارتییە كوردییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان رێك خست كە لە كۆبوونەوەكەدا بەشدار بوون. شاندی كوردی دواتر سەرپەرشتیی دانیشتنێكی تایبەتیان كرد بۆ ئامادەكردنی رەشنووسی بڕیارنامەیەكی كۆبوونەوەی فراوانی سۆسیال ئینتەرناسیۆناڵ لە بارەی شەڕی تیرۆر لە عێراق و سووریا و رۆڵی پێشمەرگە و پشتیوانیكردنی هەرێمی كوردستان لە حەوانەوەی 1,5 ملیۆن پەنابەر و پشتیوانیی پێشمەرگە لە بوونی چەكی پێویست بۆ سەركەوتنی زیاتر و یەكجارەكی بەسەر تیرۆریستاندا.

پارتییە كوردییەكان و كۆدەنگیان
لە دانیشتنەكەدا كە، شاندی یەکێتیی نیشتیمانی، بەدەپە، پەیەدە و هەردوو حیزبی دیموكراتی کوردستان و كۆمەڵە و ئەنجوومەنی كورد ئامادەی بوون، دوای گفتوگۆیەكی چڕوپر لەسەر را و پێشنیازەكانی شاندی "پ.د.ك"، دەرەنجام هەموو لایەنەكان كۆك بوون لەسەر نووسینی رەشنووسێكی بڕیارنامەی یەكدەنگی كورد بدەنە سەرۆكایەتیی كۆنگرەی سۆسیال ئینتەرناسۆتاڵ. هەروەك لە بڕیارنامە تایبەتە نووسراوەكەدا هاتووە، هەرێمی كوردستان رۆڵێكی بەرچاو و گرینگی گێڕاوە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و قوربانییەكی ئێجگار زۆری داوە و لە هەمان كاتدا بووەتە پەناگەیەكی ئارام بۆ پەنابەران و لێقەوماوانی شەڕی تیرۆر لە ناوچەكەدا.

دەقی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی (سوسیال ئینتەرناسیۆناڵ)
نەتەوە یەكگرتووەكان ژنێڤ 12،13/12/2014

بڵاوكراوە لەسەر رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزم لە باكووری عێراق و سووریادا:
لە میانەی رووبەرووبوونەوە و خەبات لە بەرەنگاریكردن لە دژی تیرۆریزم لە باكووری عێراق و سووریادا، ئەنجوومەن جەخت لەسەر بەكۆتاهێنانی تیرۆریزم دەكاتەوە هەروەكو ئەنجوومەن لە مانگی حوزەیران لە (مەكسیكو ستی) بانگەشەی بۆ كرا لە میانەی كۆبونەوەی ئەنجوومەندا هەروەها لە لایەن لیژنەی هەمیشەیی جێبەجێكاری (سوسیال ئینتەرناسیۆناڵ) لە نەتەوە یەكگرتووەكان لە مانگی سێپتێمبەر لە نیویۆرك.
ئەو توندڕەویانەی كە لە لایەن گرووپە تیرۆریستییەكانەوە لە دژی خەڵكانی بێتاوانی سڤیل ئەنجام درا لە ناوچەكەدا، سۆسیال ئنتەرناسیۆنال ئیدانەی كرداری وەحشیگەری دەكا و پێویستمان بە كردەی هەمەلایەنەی نێودەوڵەتی هەیە بۆ لەناوبردنی داعش، هەروەها نەهێشتنی سەرجەم ئەو هەڕەشانەی كە نەك تەنها لەسەر خەڵكی عێراق و سووریا هەیە، بەڵكە لەسەر ناوچەكە و سەرتاسەری جیهانیش هەن. كردەی سەربازی بە تەنها ناتوانێ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستەكان لەبن بێنێ، بەڵكە دەبێت لە سەرچاوەی كێشەكان و دروستبوونیان بكَوڵدرێتەوە، توندوتیژی و تیرۆریزم ئەنجامی نەبوونی دیموكراسی، یەكسانی، یەكترقبووكردن و هاوكات بوونی سیستەمی تاكلایانە بە بیرۆكەی مەركەزییەوە كە، دژایەتی كەمینەكان و ئایین و ئاینزاكان و هەورەها ئازادیی سیاسی دەكات و كێشەكان گەورەتر دەكات. كرداری كاریگەر دەبێت رێگا بگرێت لە ناردنی كۆمەكی دارایی بۆ ئەم گرووپە تیرۆریستیانە و هاوكات دەبێ رێگەیش بگیرێ لە بەشداربوونی جەنگاوەری تازە لەم شەڕانە و پەیوەندیكردن بەم گرووپە تیرۆریستیانەوە.
ئاشتیی درێژخایەن لە سووریا پێویستی بە چارەی سیاسی هەیە كە، كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ڕۆڵێكی گەورە ببینێت تێیدا، چەوساندنەوە و ئەشكەنجەدانی هاونیشتیمانیانی سووریا لەلایەن رژێمی (ئەسەد)ـەوە، ڕۆڵێكی گرینگی هەبووە لە لاوازكردنی ئۆپۆزسیۆنی دیموكراتی و گەشەپێدان و بەهێزكردنی توندڕەوەكان. تەنها دەستەبەركردنی دیموكراسی بە رێزگرتنی تاك و ئازادی بۆ هەمووان بە بێ جیاوازی كەمینایەتی و ئایینی لە سووریا قبووڵ دەكرێ، بۆ ئەمەیش پێویستیمان بە نەهێشتنی داعش و رژێمی (ئەسەد) هەیە بە یەكەوە.
ئەوانەی كە بە درێژایی چەندین ساڵە بە دەست رژێمە دكتاتۆرییەكانەوە دەناڵێنن، بۆ جارێكی دیكە لە جەنگدان لە دژی توندڕەوەكان. ئێمە هاوخەمیی خۆمان دەردەبڕین بۆ ئەو نەتەوانەی كە لە ژێر كاریگەریی ئەم دۆخە ناهەموارەدان، كە بە تایبەتی كاردانەوەیەكی قورسی هەبووە لەسەر هاونیشتمانیانی كوردستان. ئێمە ئەو قوربانییە مەزنانەی كە هەرێمی كوردستان دەیدات بەرز دەنرخێنین بۆ رێگەگرتن لە تیرۆریستان و رێگەنەدان بە بڵاوبوونەوەیان و هەروەها بە تەواوەتی پاڵپشتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین لە عێراقدا بۆ هەوڵی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم لە ناوچەكەدا. كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبێت بەخشندە بێت لە دابینكردنی پێداویستی بۆ ئەوانەی كە لە دژی تیرۆریزم دەجەنگن. كورد كە لە زۆرینەی جێگاكانەوە پێشڕەوی دەكات و بەرەنگاری تیرۆریستان دەبێتەوە، بەشێكی گرینگی چارەسەرن لە كێشەكانی ناوچەكەدا هاوكات هاوپەیمانێكی سەرەكین لە راگرتنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەكەدا و دەبێت وەكو میللەت رێگەیان پێ بدرێ كە، دەنگی دیموكراتخوازییان ببیسترێ.
قەیرانی مرۆیی ناوچەكە بە هۆی توندوتیژیەكان و كردە تیرۆریستییەكانی ناوچەكە هێندەی دیكە خراپتر بووە، سەرجەم هەوڵەكان دەبێت بخرێنە گەڕ بۆ دابینكردنی كۆمەكی مرۆیی بۆ 3.2 ملیۆن پەنابەری سووریا، كە ئەمە بە ژمارەیەكی یەكجار زۆری پەنابەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان هەژمار دەكرێت و هاوشانی ئەوەیش داوای یارمەتیی مرۆیی و كۆمەك بۆ ئەو 1.5 ملیۆن خەڵكەی كە لە ناو وڵاتی خۆیاندا ئاوارە بوون و لە هەرێمی كوردستانی عێراقدا بە هۆی كردە تیرۆریستییەكانەوە بوونە پەنابەر.
سەنگەر هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار