٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەزار پاسپۆرت لە هەولێرەوە بۆ بەغدا رەوانە دەكرێنەوە.. ئەمساڵ 100 هەزار پاسپۆرت دەرهێنراوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پاسپۆرتی هەولێر رایگەیاند، بەغدا نووسراوی بۆ كردوون بۆ وەرگرتنەوەی پاسپۆرتی ئەو كەسانەی كە پاسپۆرتیان دەركردووە و لە بەڕێوەبەرەرایەتیی پاسپۆرت جێیان هێشتووە..ئاشكرای كرد كە ئەمساڵ 100 هەزار پاسپۆرت دەرهێنراوە.

بەڕێوەبەری پاسپۆرتی هەولێر عەمید (دیدار عومەر) بە ماڵپەری  فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "خەڵكێكی زۆر پاسپۆرتیان دەرهێناوە و نەیان بردووەتەوە، ئاگاداری ئەو كەسانە دەكەینەوە ئەگەر بە دوای پاسپۆرتەكانیانەوە نەیەن، ئەوا بۆ بەغدا رەوانەیان دەكەین".
عەمید (دیدار) گوتیشی، "لە پاسپۆرتی بەغدا دوو جار نووسراومان بۆ كراوە، بۆ ئەوەی ئەو پاسپۆرتانەیان بۆ بنێرینەوە، ئێمە نەمان ناردوونەتەوە، بەڵام ئەگەر لە ماوەیەكی كەمدا ئەو كەسانە سەردانمان نەكەن، ئەوا بۆ بەغدایان دەنێرینەوە و لە پاسپۆرت بێبەش دەبن".
بەڕێوەبەری پاسپۆرتی هەولێر روونیشی كردەوە، ئەگەر لە ماوەی 3 مانگدا پاسپۆرت نەبردرێتەوە بۆ بەغدا، دەنێردرێتەوە.
گوتیشی، "بەگوێرەی رێنمایی هەر پاسپۆرتێك دوای تێپەڕبوونی 3 مانگ نەبردرێتەوە، ئەوا رەوانەی بەغدا دەكرێتەوە، لە ماوەی 6 مانگیشدا 600 پاسپۆرتمان دەركردووە و نەبردراونەتەوە، لە ماوەی ئەمساڵیشدا زیاتر لە هەزار پاسپۆرتی لەم شێوەیە هەیە".
ئەمساڵ لە هەولێر زیاتر لە 100 هەزار پاسپۆرت دەركراون كە نزیكەی 14 هەزاریان بۆ ئاوارەكانی هەرێمی كوردستان بوون.
یەحیا سابیر

هەواڵی پەیوەندیدار