ئێمینكی: هیواخوازین پشتیوانیی ئەمەریكا و وڵاتانی هاوپەیمان لە ناردنی چەكی قورس لە ئاستی داخوازییەكانماندا بێت

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان (د. جەعفەر ئێمینكی) هیوای خواست كە، هاوكاری و پشتیوانیی ئەمەریكا و وڵاتانی هاوپەیمان لە هەموو ئاستەكاندا بە تایبەت ناردنی چەكی قورس بۆ هێزی پێشمەرگە لە ئاستی داخوازییەكان بێت تا، رەوشی پێكەوەژیان و دیموكراسی و سەقامگیری لەو ناوچانە بگەڕێتەوە و پارێزراو بێ.
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان (د جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی) ئەمڕۆ یەكشەممە لە نووسینگەی خۆی لە تەلاری پەرلەمان پێشوازی لە گەورەڕۆژنامەنووسی كەناڵی سی بی ئێنی ئەمەریكایی (گاری لێین) و بەڕێوەبەری پڕۆژەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی (ئاوات مستەفا) كرد.
لە دیدارێكدا (گاری لێین) پوختەیەكی مێژوویی لەبارەی دامەزراندنی كەاڵی سی بی ئێنی ئەمەریكایی پێشكەش كرد و ئەوەی راگەیاند كە، كەناڵەكەیان وێڕای كاری رۆژنامەوانی، كاری خێرخوازی و هاوكاریكردنی ئاوارە و لێقەوماوانیشی گرتووەتە ئەستۆ و دوابەدوای هەڕەشەی داعش و هاتنی ئاوارەكان بۆ هەرێمی كوردستان، ژمارەیەك كاری خێرخوازییان ئەنجام داون لە رووی هاوكاریی ماددی و دابینكردنی كەلوپەل و پێداویستی و ئێستایش لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی و چەند رێكخراوێكی دیكەیش هاوكارن بۆ زیاتر یارمەتیدانی ئاوارە و لێقەوماوان.
لە بەرانبەردا (د. جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی) ستاییشی رۆڵی هەموو ئەو رێكخراوە خێرخواز و دەزگا و لایەنەكانی ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی كوردستانی كرد كە بە هانای ئەو ئاوارە و لێقەوماوانە هاتوون ئەوانەی بە هۆی هەرەشە و مەترسییەكانی داعش ماڵ و ژیانی خۆیان جێ هێشتووە و، جەختیشی لە ستراتیژییەتی هەرێمی كوردستان لە پێناو رووبەڕووبوونەوەی هێزەكانی داعش كردەوە و هیوای خواست هاوكاری و پشتیوانیی ئەمەریكا و وڵاتانی هاوپەیمان لە هەموو ئاستەكاندا بە تایبەت ناردنی چەكی قورس بۆ هێزی پێشمەرگە لە ئاستی داخوازییەكان بێت، تاوەكو رەوشی پێكەوەژیان و دیموكراسی و سەقامگیری لەو ناوچانە بگەڕێتەوە و پارێزراو بێ.




