پارتی: لە هەڵەبجە سازش لەسەر پۆستی قایمقام ناكەین.. بەیانی كۆبوونەوەیەكی دیكە ساز دەدرێت

هەڵەبجە-KDP.info- بەرپرسی لقی 12-ی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە هەڵەبجە رایگەیاند، "كۆبوونەوەی ئەمڕۆ ئەنجامی نەبوو و بۆ سبەی دواخرا، ئێمەیش وەك پارتیی دیموكراتی كوردستان جگە لە پۆستی قایمقامی هەڵەبجە، هیچ پۆستێكی دیكە وەرناگرین".
بەرپرسی لقی 12-ی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە هەڵەبجە (فازڵ بەشارەتی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، "كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەڵەبجە درێژەپێدەری كۆبوونەوەكانی رابردوو بوو، بەڵام ئەوەی تازە بوو یەكێتی و گۆڕان بە رێككەوتنی سلێمانی پێشێلی هەموو ئەو رێككەوتنانەیان كرد كە پێشتر كرابوون، بۆیە ئێمە بە یەكێتی و گۆڕانمان راگەیاند كە ئەو رێككەوتنەی پێشوو كراوە ئامادە نین هەڵبوەشێنرێتەوە و لەسەر ئەو بنچینە رێك كەوتووین".
(فازڵ بەشارەتی) گوتیشی، لایەنە سیاسییەكانی هەڵەبجە بە یەكێتی و گۆڕانیشەوە لەگەڵ ئەوەدان خۆیان بڕیار لە بەڕێوەبردنی هەڵەبجە بدەن و لەگەڵ ئەوە نەبوون ئەو بڕیارە لە دەرەوەی دەستەڵاتی ئەوان دراوە، بۆیە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ بۆ سبەی دوا خرا و ئاگاداری سەركردایەتیی خۆیان دەكەنەوە كە ئایا پێداچوونەوە بەو رێككەوتنەدا دەكرێت یاخود سوورن لەسەر جێبەجێكردنی.
(بەشارەتی) زیاتر گوتی، "جگە لە پۆستی قایمقامی هەڵەبجە، هیچ پۆستێكی دیكە وەرناگرین، چونكە ئەمە بە مافی خۆمان دەزانین و پێشتر رێككەوتنی لەسەر كراوە".
بڵند ئیبراهیم




