٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دیندار زێباری.. 230 هەزار پەنابەری رۆژئاوای كوردستان لە هەرێم هەن و 30 هەزار لە كۆبانییەوە هاتوون

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان (د. دیندار زێباری)، رایگەیاند، لەگەڵ جێبەجێكردنی پلانی رزگاركردنی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعشدا، شەپۆلێكی نوێی ئاوارە روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن كە، پێویستە هاوكات لەگەڵ دانانی پلانی سەربازی، لایەنی مرۆیی فەرامۆش نەكرێت..ئاشكرایشی كرد كە، 230 هەزار پەنابەری رۆژئاوای كوردستان لە هەرێم هەن و لەو ژمارەیەشدا  30 هەزاری لە كۆبانییەوە هاتوون.

جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان (د. دیندار زێباری)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، لە ساڵی 2014 زیاتر لە ملیۆنێك ئاوارە لە ناوچە كوردستانییەكان و ناوچەكانی دیكەی عێراق روویان لە هەرێمی كوردستان كرد كە بە هۆی قەیرانی دارایی و بەدەنگەوە نەهاتنی بەغدا بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان، قۆرساییەكی زۆر كەوتە سەر شانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

(د.دیندار زێباری) گوتیشی، "بۆ دووبارەنەبوونەوەی كێشەكانی ئەمساڵ و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویستی مرۆیی لە كاتی جێبەجێكردنی پلانی رزگاركردنی شاری مووسڵ، داوا لە كۆمەڵی نێودەوڵەتی دەكەین بەڵێنەكانی جێبەجێ بكات كە بڕیاری یارمەتیدانی ئاوارەكانی لە هەرێمی كوردستاندا داوە. پێویستە كۆمەڵی نێودەوڵەتی بە تایبەتی وڵاتانی كۆمەكبەخش یارمەتییە داراییەكان پێشكەیش بكەن كە پێشتر بەڵێنیان داوە، بە تایبەتی بە هۆی كورتهێنانی بودجە، عێراق لە ماوەی ساڵی 2015 تووشی كێشەی دارایی دەبێت، هەر بۆیە پێویستە كۆمەڵی نێودەوڵەتی ئەم بوارە بە هەند وەربگرێت و بە پێچەوانەی ساڵی 2014، ئەم جارە بە شێوەیەكی راستەخۆ یارمەتییە داراییەكانی بۆ ئاوارەكانی هەرێمی كوردستان بنێرێت، لەبەر ئەوەی كە دامودەستگا حكوومییەكانی هەرێم بە پڕاكتیك مامەڵە لەگەًڵ ئاوارەكاندا دەكەن".

"بەڕێوەبردنی كەمپ، راهێنانی كادیر بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری و جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی خزمەتگوزاری لەنێو كەمپ و یارمەتیدانی دارایی ئاوارەكان، پێویستی بە تەرخانكردنی یارمەتییە داراییەكانی كۆمەڵی نێودەوڵەتی بە شێوەیەكی راستەوخۆ بۆ هەرێمی كوردستان هەیە، بە تایبەتی لە وەرزی سەرما و زستان، پێداویستییەكانی ئاوارەكان چەند بەرانبەر زیادیان كردووە كە، پێویستیان بە دابینكردنی پێداویستییەكانی زستانە هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوە و خۆپاراستن بەرانبەر سەرما و باران". (د. دیندار) وای گوت.

جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، هەروا سوپاسی پڕۆگرامی خۆراكی جیهانی نەتەوە یەكگرتووەكانی كرد كە جارێكی دیكە دەستی بە پێدانی كارتی ئەلیكترۆنی بە پەنابەرانی رۆژئاوای نێو كەمپەكان كردووە كە مانگانە بڕەیارمەتییەك وەردەگرن، داواكاریشن ئەم پرۆسەیە بەردەوام بێت.

پێشبینییشی كرد كە، "لەگەڵ جێبەجێكردنی پلانی ئازادكردنی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش بە تایبەتی شاری مووسڵ ژمارەیەكی زۆر لە دانیشتووانی ئەم ناوچانە ئاوارە ببن و پێویستە لە شوێنەكانی نزیك لە ناوچەكانیان كەمپی نوێی ترانزێت دابنرێت. ناكرێت لەكاتی دانانی پلانی سەربازی، لایەنی مرۆیی لەبیر بكرێت، چونكە بە جێبەجێكردنی ئەم پلانە شەپۆلێكی نوێی ئاوارە روو لە هەرێمی كوردستان دەكات كە، پێویستە پێشوەخت ئەم پرسە چارە بكرێت".

ئاماژەیشی دا كە، "بە بەردەوامبوونی شەڕ لە كۆبانی، پرۆسەی ئاوارەبوونیش بەردەوامە، كە تا ئێستا نزیكەی 30 هەزار كەس لە كۆبانییەوە ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوونە و لە كەمپەكانی باسرمە، دارەشەكران، كەورگۆسك و قوشتپە نیشتەجێ كراون. بە گشتی نزیكەی 230 هەزار پەنابەری رۆژئاوای كوردستان لە هەرێمی كوردستاندا بوونیان هەیە كە ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، بە تایبەتی پڕۆگرامی خۆراكی جیهانی، ئاژانسی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان، یونیسێف، رێكخراوی خۆراكی جیهانی، یۆنامی، پڕۆگرامی نیشتەجێكردنی مرۆیی نەتەوە یەكگرتووەكان و چەندین رێكخراوی دیكەی نێودەوڵەتی سەرقاڵی پێشكەشكردنی یارمەتی و خزمەتگوزارین بە ئاوارە و پەنابەرانی ناو كەمپەكان".

(دیندار زێباری) ڕوونیشی كردەوە، لە ئێستادا هەرێمی كوردستان زیاتر لە هەر كاتێكی تر پێویستی بە وڵاتانی كۆمەكبەخش هەیە بۆ یارمەتیدانی ئاوارە و پەنابەران كە پێویستە پلانی هاوبەشی وەڵامدانەوەی خێرا بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان لە سەرەتای ساڵی 2015 جێبەجێ بكرێت، چونكە ئاوارەكانی نێو كەمپەكان پێویستییەكی زۆریان بە یارمەتی هەیە، بە تایبەتی بواری خوێندن، تەندروستی، خۆراك، دەرمان، خزمەتگوزاریی نێو كەمپەكان، نەهێشتنی توندوتیژیی خێزانی، هاوكاریی خێزانە ئاوارەكانی بێسەرپەرشت و دۆزینەوەی دەرفەتی كار.

(دیدندار زێباری) دەشڵێت، "لە ماوەی ساڵی 2014ـدا هەر یەك لەم وڵاتانە وەك وڵاتانی كۆمەكبەخش بە رێگەی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە یارمەتیی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستانیان داوە: ئوستراڵیا، نەمسا، كەنەدا، دانیمارك، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، فینلەندا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، كوەیت، سوید، سویسڕا، هۆڵەندا، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و یەكیەتیی ئەورووپا".
 

هەواڵی پەیوەندیدار