شێوازی هەماهەنگیی نێوانیان ڕێک دەخرێ.. لیژنەی نێوخۆی پەرلەمان و ئەنجوومەنی ئاساییش کۆ بوونەوە

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكی لیژنەی نێوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان پەرلەمان و ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستاندا، جەخت لە پێڕۆكردنی شێوازێك كرایەوە بۆ ئەوەی هەماهەنگیی جیددی لە نێوان ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و پەرلەمانی كوردستاندا هەبێت.
جێگری سەرۆكی لیژنەی نێوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان (نازم هەركی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، "ئەمڕۆ وەك لیژنەی نێوخۆی پەرلەمانی كوردستان سەردانی ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستانمان كرد و لە كۆبوونەوەیەكدا جەخت لە دانانی پێڕۆكردنی شێوازێك بۆ دروستكردنی هەماهەنگی لە نێوان هەردوولادا كرایەوە."
جێگری سەرۆكی لیژنەی نێوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان گوتیشی، هەر لە كۆبوونەوەكەدا باس لەو پڕۆژەیاسایانە كرا كە پێوەندییان بە ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستانەوە هەیە كە بێنە پەرلەمان و ئەوانیش كاری لەسەر بكەن.
(هەركی) روونیشی كردەوە، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان خۆشحاڵ بوو بەو سەردانە، چونكە ئەمە دەستپێكێكی باشە بۆ دروستكردنی هەماهەنگی لە نێوان ئەنجوومەنی ئاساییش و پەرلەمان.
ئەوەیشی خستە ڕوو، ئەو جۆرە كۆبوونەوانە زۆر گرینگن، چونكە دەبنە هۆی پێشوەچوون و سەركەوتنی هەموو پرسە ئەمنییەكان.
بڵند ئیبراهیم




