لایەنەکانی هەڵەبجە هێشتا ڕێکنەکەوتوون

هەڵەبجە-KDP.info- لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کە لە بارەگای لقی پارتی لە هەڵەبجە لە 10ـی بەیانییەوە لە کۆبوونەوەدان، هێشتا نەگەییشتوونەتە هیچ ڕێککەوتنێک و دانوستانیشیان لەسەر جیاوازییەکان درێژەی هەیە.
بەرپرسی لقی 12ـی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە هەڵەبجە(فازڵ بەشارەتی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت، هێشتا لە کۆبوونەوەدان و گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکان هێشتا بەردەوامە.
(بەشارەتی) گوتیشی، هێشتا لایەنەکان ڕێک نەکەوتوون، بەڵام کۆبوونەوەکەیان بەردەوامە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە دوارێککەوتنیاندا، کە لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە سلێمانی واژۆیان کرد، ئەو رێککەوتنەیان هەڵوەشاندەوە کە پێشتر لایەنەکان لەسەر پۆستەکانی هەڵەبجە لە مەڵبەندی بزووتنەوەی ئیسلامی لەسەری رێککەوتبوون.
لە 29-10-2014 لایەنە سیاسییەکان لە مەڵبەندی یەکی بزووتنەوەی ئیسلامی لە هەڵەبجە کۆ بوونەوە و لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی پارێزگای هەڵەبجە وەها رێککەوتن: پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا بەسترایەوە بە سلێمانییەوە، دوو جێگرەکەی پارێزگار درایە کۆمەڵ و یەکگرتوو و قایمقامیش بۆ پارتی دانرا. هەروەها لە ئەنجوومەنی پارێزگایش وەها رێککەوتن کە پێنج لایەنەکە، هەریەکەیان 4 کورسی هەبێت و بزووتنەوەی ئیسلامی دووان و سۆسیالیست، شیوعی و ئایندەش یەکی کورسییەک.
بەڵام بەپێی زانیارییەکانی ڕووداو، رێککەوتنەکەی سلێمانی ئەم رێککەوتنەی گۆڕیوە و گۆڕان و یەکێتی پاشگەز بوونەتەوە لە پێدانی ئەو پۆستانە بە پارتی، یەکگرتوو و کۆمەڵ.
بەپێی ئەم رێککەوتنە تازەیە، بەوپێیەی پارێزگاری سلێمانی دوو ساڵی یەکەم بۆ یەکێتی دەبێت، بزووتنەوەی گۆڕان پارێزگار و جێگری پارێزگار و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا دەبات. هەروەها سەرۆکی ئەنجوومەن و جێگرێکی پارێزگار و قایمقام دەدرێتە یەکێتی.
یەکێتی و گۆڕان رێککەوتوون کە ژمارەیەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجەیش دەستکاریی بکەن و چوار کورسییەکەی خۆیان بکەنە 5 و چوار کورسییەکەی یەکگرتوو خۆی دەمێنێتەوە، بەڵام پارتی و کۆمەڵ و بزووتنەوە هەریەکەیان کورسییەکیان لێ کەمکراوەتەوەو کورسییەک دراوەتە کاکەییەکان.
ئەم گۆڕانکارییانە لایەنە سیاسییەکانی نیگەران کردووە و هەریەک لە پارتی و یەکگرتوویش پێشتر رایانگەیاندووە کە ئەگەر بەپێی هەقی خۆیان بەشدارییان لە حکوومەتە خۆجێییەکەی هەڵەبجە پێ نەکرێ، ئەوا بەشداریی ناکەن.
بڵند ئیبراهیم




