دوای ڕێککەوتنەکەی بەغدا و هەولێر، بازرگانی و ئابووری لە هەرێم جووڵا

هەولێر-KDP.info- کردنەوەی دەیەم پیشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر لە 9ـی دیسەمبەر/کانونی یەکەم، بە بەشداریی 250 کۆمپانیا لە 16 وڵاتەوە، بە وتەی بەرپرس و چاودێرانی بازرگانی و ئابووری، بووە ململانێیەکی گەورە بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گەڕاندنەوەی متمانە لەنێوان هەرێمی کوردستان و وەبەرهێنەرانی بیانی و دەستپێکردنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و سەلماندنی پێگە گرنگەکەی هەرێمی کوردستان لەم بارودۆخە سیاسی و ئەمنییەی هەرێم تێی کەوتووە.
دوابەدوای ئەو قەیرانە داراییەی حکوومەتی پێشووی بەغدا بەسەر هەرێمی کوردستاندا سەپاندبووی، هەروەها بەهۆی هەڕەشەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان، چالاکییە بازرگانی و ئابوورییەکان سستی و هەندێک کەرت شێوەیەک لە وەستانیان بە خۆیانەوە بینی.
وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان(ساماڵ سەردار)، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی گرینگی کردنەوەی خودی پیشانگاکە لەو کاتە هەستیارەدا ئەوەی خستەڕوو کە "لەوانەیە بەشداریکردنی وڵات و کۆمپانیاکان لە پیشانگا نێونەتەوییەکەی ئەمساڵی هەولێردا وەکو ساڵان نەبێت، بەڵام کردنەوەی خودی پیشانگاکە دەیسەلمێنێت کە هەرێمی کوردستان لە گەشەکردنی ئابووری و جموجۆڵی بازرگانی نەکەوتووە و بارودۆخی ئاسایشی هەرێمی کوردستانیش بۆ کاروباری بازرگانی زۆر لەبارە".
وەزیری بازرگانی بە باشی زانی، لەمەولا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی چالاکتر کار بۆ ڕاکێشانی سەرنجی کۆمپانیای بیانی بکات بۆ هەرێم و دووپاتی کردەوە ئێستا بارودۆخی ئابوری هەرێمی کوردستان بەرەو قۆناغێکی باشتر دەچێت.
بە ڕێککەوتنە سەرەتاییەکەی بەغدا و هەولێر لەسەر کێشەکانی نێوانیان، چالاکی ئابووری و بازرگانی لە هەرێمدا جووڵا و، بازاڕ بوژانەوەیەکی بەخۆیەوە بینی.
سەرپەرشتیاری پیشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر(عەبدوڵلا ئەحمەد عەبدوڕەحیم)، لەلێدوانێکی تایبەت بە ماڵپەڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕێکخستنی ئەم پیشانگایە لەو بارودۆخەی ئێستادا و بەتایبەتی دوای ڕێککەوتنە سەرەتاییەکەی بەغدا و هەولێر، بۆ هەموو لایەکی دەسەلمێنێت کوردستان دەتوانێت پێگە ئابوورییەکەی خۆی بپارێزێت و، نەکەوێتە بەر کاریگەری هیچ قەیرانێک."
(عەبدوڵلا ئەحمەد عەبدوڕەحیم) ئاماژەی بەوەدا، "لەو دە ساڵەدا، پیشانگای هەولێر توانیویەتی ئەو متمانەیە دروست بکات و، حکوومەتیش ڕۆڵی لە پێشخستنیدا هەبووە بە شێوەیەک کە ئێستا ڕووبەری هۆڵە داخراوەکانی پیشانگا 17000 مەتری دووجایە و ڕووبەری گۆڕەپانەکان نزیکەی 25000 مەتری دووجایە، تا ئێستاش لەو ماوەیەدا زیاتر لە 60 پیشانگای تایبەتمەند کراونەتەوە لە چەندین بواری گرنگ و پێویست کە کاریگەری بەسەر ژیانی هاوڵاتیانەوە هەبووە."
نوێنەر و سەرپەرشتیارانی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان، ئاماژەیان بەوە دا قەیرانی دارایی و هەڕەشەی تیرۆریستان، چالاکییە ئابوورییەکانی کز کرد و، تا ڕادەیەکیش پلانە تازەکانیانی وەستاند، بەڵام ئەو وەستانە یەکجارەکی نەبوو بەبەڵگەی هەبوونی چەندین نمایشی کۆمپانیای گەورەی جیهانی بۆ کاڵا وبەرهەمەکانیان لە هەرێمی کوردستان.
بهڕێوهبهری گشتیی کۆمپانیای "ماجیک ئارت" بۆ پەخش و نمایشی میدیایی(سامان بریفکانی)، بە سایتی حکوومەتی هەرێمی ڕاگەیاند، "لەگەڵ دوودڵییەکەی هەندێ لە کۆمپانیاکان، لەو ماوەیەدا چەندین کۆمپانیا و مارکەی گەورە لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش لە هەولێر نمایشی گەورەیان کردووە. بە تایبەتی کۆمپانیاکانی لاندڕۆڤەر و ڕێنجڕۆڤەر و بیئێمدەبڵیوو کە تازەترین بەرهەمی خۆیان خستە بەردەم هاسوڵاتیانی هەرێمی کوردستان. هەروەها چەندین مارکەی جیهانییش لە وڵاتانی فەرەنسا و ئەمەریکا و بەریتانیاش لە بازاڕ و مۆڵەکانی هەولێردا لقی خۆیان کردووەتەوە."
هەروەها ئاماژەی بەوەش دا: "ئێستا بە تایبەتی دوای ڕێککەوتن بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا متمانەکە زیاتر بوو و بێگومان چالاکییەکانیش زیاتر دەبن."
لە چوارچێوەی چالاکییەکانی پیشانگایشدا، کونسووڵگەری گشتی کۆماری چیک لە هەرێمی کوردستان بە یاوەری شاندێکی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی چیک، کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە دەزگاکانی ڕاگەیاندندا کرد بۆ باسکردنی چالاکیەکانیان لە هەرێمی کوردستان.
کونسووڵی چیک و پێشکەشکردنی وتارێک
کونسووڵی چیک لە هەرێمی کوردستان(جیرۆسلاڤ ڕایف)، لەلێدوانێکدا بە ماڵپەڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند، " کۆمپانیاکانی وڵاتەکەمان بە هاوبەشی لەگەڵ بانکی چیک چەندین چالاکی گەورەی لە هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە بە تایبەتی لە بواری کارەبا. بەو چالاکیەیش ئێمە دەمانەوێ بازاڕی وەبەرهێنان لەهەرێمی کوردستان بە وەبەرهێنەرانی ووڵاتی خۆمان و ئەورووپاش بناسێنین و، باس لە بارودۆخی ئەم هەرێمە بکەین و، پاڵپشتیی خۆیشمان بۆ چالاکییەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان دووپات بکەینەوە."
کۆماری چیک، یەکێکە لەو وڵاتانەی کە بوونێکی کاریگەری لە بازاڕی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستاندا هەیە و، هەمیشە پاڵپشتیی چالاکیی وەبەرهێنانیان لە هەرێمی کوردستاندا کردووە.
لوبنانیش یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە لەگەڵ هەبوونی کێشەکانی ماوەی ڕابردوودا، کار وچالاکیەکانی وەبەرهێنانی نەوەستاند و، هەمیشە پشتگیری خۆیی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات دەکردەوە.
سەرۆکی گرووپی مالیای لوبنان(جاک سەڕاف) کە ماوەیەکە لە هەرێمی کوردستان لە چەندین کەرتدا کار دەکات بەتایبەتی لەکەرتی گەشتوگوزار، لەلێدوانێکی تایبەت بە ماڵپەڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دووپاتی کردەوە "کەرتی تایبەتی لوبنان زۆر بە گرنگیەوە سەیری کوردستان دەکات و، چالاکیەکانی خۆی لە هەرێمی کوردستان ڕانەگرت."
سەڕاف ڕایگەیاند، "گروپەکەی کە هەناردەکەری سەرەکی لوبنانیە بۆ هەرێم هەوڵی ئەوە دەدات برێتێک بۆ هێنانی کاڵاکانیان بۆ هەرێم بدۆزنەوە، بە تایبەتی لە ڕێگەی ئاسمانیەوە، بەهۆی کۆنترۆڵکردنی بەشێکی زۆری سنووری نێوان سووریا و لوبنان لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە."
هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە " لوبنان جگە لە بوارەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا، لە بواری بانکی و ئاوەدانکردنەوە و گەشتوگوزاریشدا ڕۆڵی لە پێشخستنی بواری وەبەرهێنان هەیە لە هەرێمی کوردستاندا."
هەر لە چوارچێوەی گەڕانەوەی چالاکی ئابووری و بەمەبەستی نزیککردنەوە و پەرەپێدانی ئالیکاری نێوان کۆمپانیاکانی بەریتانیا و هەرێم، گروپی بزنسی بریتانیا ــ کوردستان، ئێوارەی 10ی دیسەمبەر/کانونی یەکەم، ڕاگەیێنرا.
لە ڕێورەسمی ڕاگەیاندنی گروپەکە، باڵیۆزی بریتانیا لە بەغدا، فرانک بەیکەر، جەختی کردە سەر گرنگی سەقامگیری و ژینگەیەکی لەبار بۆ چالاکیی ئابووری و بازرگانی لە هەرێمی کوردستان.
هەر لە ڕێورەسمەکەدا، سەفین دزەیی وتەبێژی حکوومەتی هەرێم، ئاماژەی بەوە دا کە، هەروەک جاریجاران حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە بازاڕی ئازاد و ئاسانکردنی هەلومەرجی وەبەرهێنانی بیانی دەکات.




