لە كفری تیرۆریستێكیان گرتووە كە چەك و بۆمبی پێ بووە

کەلار-KDP.info- هێزەكانی ئاساییشی گەرمیان لە شارۆچكەی كفری تیرۆریستێكی سەر بە چەكدارانی داعشیان گرتووە كە بە ڕەگەز کوردە و هەندێ بۆمبی موگناتیسی و چەكی پێ بووە.
سەرچاوەیەک لە ئاساییشی گەرمیان، كە لەبەر ڕەوتی لێكۆڵینەوەكان نەیویست ناوی بڵاو بكرێتەوە بە ماڵپەرە فەرمییەکەی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوێنێ لە شارۆچكەی كفری، هێزەكانی یاریدەدریەتیی ئاساییشی كفری، تیرۆریستێكیان دەستگیر کرد كە دوو دەمانچە و چوار بۆمبی موگناتیسی و چەند پارچە چەكێکی دیكەیشی پێ بووە."
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: "تیرۆریستەكە كوردە و، خەڵكی كفرییشە؛ بە هۆی تیرۆریستی دیكەوە كە پێشتر لە لایەن ئاسایشەوە دەستگیر كراوە، ئاشكرا بووە."
ڕایشیگەیاند: "تیرۆریستەكە دەستبەسەر كراوە و، وا خەریکن لێی دەكۆڵنەوە."
كاروان جاف




