داعش نزیكەی 50 مزگەوتی داخستن و مەلایەكیشی کوشت.. دەیان خانووی شەبەكەكانی تەقاندنەوە

مووسڵ-KDP.info- ئەمڕۆ لە پارێزگای مووسڵ چەندین داعش كوژران و تیرۆریستانیش بە دەیان خانووی پێكهاتەی شەبەكیان تەقاندنەوە و نزیكەی 50 مزگەوتیشیان داخستوون و مەلایەكیشیان گولـلەباران كرد.
بەرپرسی لقی چواردەی پارتی لە مووسڵ (عیسمەت رەجەب)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، بۆمبێكی چێندراو كە لەلایەن چەكدارانی كەتیبەكانی مووسڵ دانرابووەوە، بە ئۆتۆمبێلێكی جۆری كیا، كە سێ تیرۆریستی داعشی تێدا بوون، تەقییەوە و لەئاكامدا ئۆتۆمبێلەكە سووتا و هەر سێ تیرۆریستەكەیش كوژران.
بەرپرسی لقی چواردەی پارتی لە مووسڵ ڕوونیشی كردەوە، بڕیارێك لە دیوانی مزگەوتەكانی سەر بە داعش دەرچووە و بەپێی ئەو فەرمانە نزیكەی 50 مزگەوت داخراون و نوێژیان تێدا قەدەخە كراوە، بە هۆی ئەوەی مەلای ئەو مزگەوتانە بە رێنماییەكانی داعشەوە پابەند نەبوونە.
(عیسمەت رەجەب) گوتیشی، ئەمڕۆ داعش پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی نەبی ئیبراهیم شێخ (نوعمان فایەق)-ی لە ناوچەی غەزلانی لەلای چەپی مووسڵ گولـلەباران كردووە، لەبەر ئەوەی قبووڵی نەكردووە داعش ماڵی كورد، توركمان، مەسیحی و شیعە لە مووسڵ بە تاڵان بەرێت.
زیاتر گوتی، چەكدارانی كەتیبەكانی مووسڵ هێرشیان كردە سەر ئۆتۆمبێلێكی رەنگ سەوز ژمارە سووریا- ڕەققە كە دوو تیرۆریستی تێدا بوون و مۆلیدەی كارەبایان لە مووسڵ دزیبوو و دەیانگوازتەوە بۆ سووریا، لەئاكامدا ئۆتۆمبێلەكان سووتان و هەردوو تیرۆریستەكەیش كوژران.
(رەجەب) ئاماژەیشی دا، داعش لە ناوچەی گۆگجەلیل بە دەیان خانووی پێكهاتەی شەبەكی تەقاندوونەتەوە.
بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ گوتیشی، هەر ئەمڕۆ داعش دوو ئەفسەری پۆلیسی ئیتحادی گولـلەباران كردوون و تەرمەكانیشی رەوانەی پزیشكی دادوەری كردوون.
هەروەها گوتیشی، ئەمڕۆ بوتلێكی غاز لە ناوچەی سادە و بەعوێزە لەناو خانووی دروستكردنی بۆمبدا تەقیوەتەوە و لە ئاكامدا سێ تیرۆریست كوژران و پێنجی دیكەیش بریندار بوون.
بڵند ئیبراهیم




