٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئەردۆغان: زمانی كوردی هەر زیندووە

سەرچاوە: KDP.info

ئیستانبووڵ-KDP.info-  سەرۆکكۆماری توركیا (ڕەجەب تەییب ئەردۆغان) دەڵێ، سەرەڕای ئەم هەموو هێرشە بۆ سەریان، زمانی عەرەبی و عوسمانی و كوردی، هێشتا زیندوون.

(ئەردۆغان) لەمیانی بەشداریكردنی لە رێوڕەسمێك كە لە ناوەندی كولتووریی باغلار باش لە ئیستانبووڵ رێك خرابوو، گوتەیەكی پێشكەش كرد و ئاماژەی بە هەوڵە جیاوازەكان كرد بۆ كۆتاییهێنان بە زمانەكانی وەك كوردی، عەرەبی و عوسمانی و رایگەیاند "سەرەڕای ئەم هەموو هێرشە بۆ سەریان، زمانی عەرەبی و عوسمانی و كوردی، هێشتا زیندوون. زۆر بێبەزەییانە لە ئاش دراین و هەوڵی هاڕینمان درا، بەڵام زمانەكانمان، بە زیندوویی مانەوە كە هۆكاری بوونمانە وەك میللەت."

(ئەردۆغان) لەبەشێكی تری گوتەكانیدا باسی لە گرینگی زمان و شارستانیەت كرد بۆ مانەوەی نەوەكان و گوتی: "زمان  شارستانیەتە. زمان یادەوەرییە، هەوڵ بدەن منداڵیتان بێتەوە یاد. دەزانن كە تا كاتێكی دیار هیچ شتێكتان بیر نایەتەوە. چونكە ئەگەر زمان نەبێت، ئەوا یادەوەرییش نابێت. منداڵ كە فێری قسە دەبێت و دەست دەكات بە قسەكردن، هاوكات دوای ئەوە دەست دەكات بە تۆماركردنی یادەوەرییەكانی. ئەمە نەك تەنیا بۆ منداڵی ساوا، بەڵكو بۆ میللەتانی دنیایش هەر وەك یادەوەرییەك وایە."

زیاتر گوتی، "(جەمیل مەریچ)ـی رەحمەتی دەڵێت: باشترین پێناسی میللەت بەردەوامبوونیەتی. بەردەوامی لە پەروەردە و زمان و شوناسیدایە. بەڵێ زمان، پێناسەی شارستانیەت و یادەوەری و بوون بە میللەتە. ئەگەر زمانێكتان لە میللەتێك سەندەوە، ئەوا شارستانیەت و یادەوەری و میللەتبوونتان لەو كۆمەڵگەیە سەندووەتەوە. وەك میللەتێك كە زۆرترین باجی ئەمەم داوە، دەڵێم ئەگەر دەستدرێژی بكەیتە سەر زمانی  كۆمەڵگەیەك، ئەوا دەستدرێژیت كردووەتە سەر دین و كولتوور و هونەر و ئەدەبیاتی ئەو كۆمەڵگەیە."

لە ئانادۆڵووەوە

هەواڵی پەیوەندیدار