٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەنەکەسە و تەڤدەم ئەندامانی خۆیان بۆ مەرجەعی سیاسی دیاری كرد.. رێككەوتنەكەی دهۆك جێبەجێ دەكرێت

سەرچاوە: KDP.info

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info-  ئەندامێكی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا ڕایگەیاند، هەردوو ئەنجوومەنی نیشتیمانی كورد و تەڤدەم ئەندامانی خۆیان بۆ مەرجەعی سیاسی دیاری كردووە و لە ئێستادا تەنیا شەش ئەندام ماون كە ئەمانەیش لە كەسانی سەربەخۆ دیاری دەكرێن و یەكەم خاڵی رێككەوتنی دهۆكیش جێبەجێ دەكرێت.

ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا (كاوە ئازیزی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، هەردوو ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا و تەڤدەم هەر یەكەیان 12 ئەندامیان بۆ مەرجەعی سیاسی دیاری كردووە و لە ئێستادا شەش ئەندام ماون و بڕیارە لە یەك تا دوو رۆژی داهاتوودا ئەو شەش ئەندامەیش هەڵبژێردرێن كە لە كەسانی سەربەخۆ دەبن.

(ئازیزی) گوتیشی، ئەگەر مەرجەعی سیاسی دروست ببێت، یەكێك دەبێت لە خاڵەكانی رێككەوتنی دهۆك و دواتر دوو لیژنە لە ژێر چاودێریی ئەو مەرجەعە سیاسییە پێك دێن بۆ ئەوەی دوو خاڵەكەی دیكەیش جێبەجێ بكرێن، كە یەكێكیان چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی رۆژئاوا و خاڵەكەی دیكەیش دامەزراندنی لەشكرێكی هاوبەشە بۆ رۆژئاوای كوردستان.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا ڕوونیشی كردەوە كە، "پێشتر دوو رێككەوتن لە هەولێر كران و جێبەجێ نەكراون، بەڵام رێككەوتنی دهۆك هەندێك جیاوازە، چونكە بارودۆخی رۆژئاوای كوردستان وا دەخوازێت ئەو رێككەوتنە جێبەجێ بكرێت، بۆیە ئەم جارە گەشبینین كە بتواندرێت ئەو رێككەوتنە جێبەجێ بكرێت".
زیاتر گوتی، بەپێی رێككەوتنەكەی دهۆك، پێویست بوو لە ماوەی دوو مانگدا رێككەوتنەكە جێبەجێ بكرێت، بەڵام دوو مانگ تێپەڕ بووە و خەریكە خاڵێك جێبەجێ دەبێت.

بە سەرپەرشتیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی)، هەردوو ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد و تەڤدەم لە پارێزگای دهۆك كۆ بوونەوە و تێیدا لەسەر سێ خاڵ رێك كەوتن، ئەوانیش پێكهێنانی مەرجەعی سیاسی، چۆنیەتیی بەڕێوەبەردنی رۆژئاوا و دامەزراندنی لەشكرێكی هاوبەشن.
بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار