پێشمەرگە لە شنگال سەركەوتنی تۆمار كرد.. گورزی كوشندە لە داعش وەشێندرا

شنگال-KDP.info- فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگە لە چیای شنگال دەڵێت، لە بەیانییەوە شەڕێكی قورس لە نێوان هێزی پێشمەرگە و تیرۆریستاندا بەردەوامە و زیانی زۆر بە داعش گەیەندراوە و ژمارەیەكی زۆریشیان لێ كوژراون.
فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە چیای شنگال (قاسم دربۆ)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، لە بەیانییەوە شەڕێكی قورس لە نێوان هێزی پێشمەرگە و تیرۆریستانی داعش لە گوندی گابارا تا ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوام بوو، بەڵام داعش شكستی هێنا و هێزی پێشمەرگەیش سەركەوتنی تۆمار كرد و زیانی زۆری بە تیرۆریستان گەیاند.
(دربۆ) گوتیشی، لەو شەڕەدا داعش هێرشی بۆ گرتنی چیای شنگال بەرپا كردبوو، بەڵام هێزی پێشمەرگە بە توندی ڕووبەڕوویان بوونەوە، بۆیە تیرۆریستان تێك شكێندران و گەڕانەوە و ژمارەیەكی زۆریشیان لێ كوژراون، بەڵام لەبەر ئەوەی كەشەكە باراناوییە، ژمارەی كوژراوەكان نەزانراوە.
ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە ئەوەیشی خستە ڕوو، داعش شۆفەڵێكیان هێنابوو بۆ ئەوەی رێگە بكەنەوە و پێشڕەوی بكەن، بەڵام شۆفەڵەكەیش لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە سووتێندرا.
بڵند ئیبراهیم




