وەزیری بەرگریی بەریتانیا: مانگی داهاتوو سەدان سەربازی بەریتانیایی دەگەنە هەرێمی كوردستان

بەریتانیا-KDP.info- وەزیری بەرگریی بەریتانیا رایگەیاند، لە مانگی داهاتوودا سەدان سەربازی وڵاتەكەی بە مەبەستی مەشق و راهێنان بە هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، روو دەكەنە هەرێمی كوردستان و عێراق. جەختیشی كرد كە، سەربازانی وڵاتەكەی تەكنیكی نوێی چۆنیەتیی پووچەڵكردنەوەی بۆمبی دانراو و ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو فێری هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەكەن.
وەزیری بەرگریی بەریتانیا (مایكڵ فالون)، بۆ رۆژنامەی the Daily Telegraph رایگەیاندووە، بە مەبەستی راهێنانی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق، سەدان سەربازی بەریتانیا لە مانگی داهاتوودا روو دەكەنە هەرێمی كوردستان و عێراق.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا راشیگەیاندووە كە، ئامانجی رەوانەكردنی ئەو سەربازانە وێڕای ئەوەی بۆ مەشق و راهێنانە، هاوكات یارمەتیدەرێكیشە بۆ ئامادەكردنی فیرقەی سەربازیی پێشمەرگە و سوپای عێراق، تا بە تەكنیكی تازەوە لەگەڵ تیرۆریستانی داعشدا بجەنگن.
هەروەها ئەوەیشی خستە ڕوو كە، سەربازانی بەریتانیا راهێنان بە هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەكەن، تا لەبارەی چۆنیەتیی پووچەڵكردنەوەی بۆمبی دانراو و ئۆتۆمبیڵی بۆمبڕێژكراو شارەزایی وەربگرن.
وەزیری بەرگریی بەریتانیا ئەوەیشی گوتووە كە، "وێڕای ئەوەی رۆڵمان لە هێرشی ئاسمانی لە دژی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەكە هەیە، دەمانەوێ بە مەشق و راهێنانی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق زیاتر رۆڵمان بۆ لاوازكردنی تیرۆریستانی داعش هەبێت".
هاوكات رۆژنامەی independent بایەخی ئەو پرسە داوە و نووسیویەتی كە، بە مەبەستی مەشق و راهێنانی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق، سەدان سەربازی بەریتانیا روو دەكەنە هەرێم و عێراق. ئەو رۆژنامەیە بڵاویشی كردووتەوە كە لەوەتەی بەریتانیا لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا سوپاكەی لە عێراق كشاندووەتەوە، رەوانەكردنی سەدان سەربازی بەریتانیایی بۆ هەرێم و عێراق، دەبێتە گەورەترین هێزێك لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا كە بەریتانیا بۆ هەرێم و عێراقی بنێرێت.
شاو كوردی




