٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حکوومەت و هاووڵاتیان، 261ملیار دینار قەرزداری کارەبان

سەرچاوە: KDP.info

 هەولێر-KDP.info- بەرپرسێکی وەزارەتی کارەبا ئاشکرای کرد، هاووڵاتیان 137ملیار و حکوومەتیش 124ملیار دینار کرێی کارەبا قەرزدارن.

ڕاوێژکاری وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان (مەحموود حاجی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دامودەزگاکانی حکوومەت 124ملیار دینار کرێی کارەبا قەرزارن و، لیستی ناوی وەزارەت و فەرمانگە قەرزارەکان لەلای بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبایە؛ هاووڵاتیانیش 137ملیار دینار قەرزارن، قەرزیش هەر دەبێت بدرێت و، لێخۆشبوونی بۆ نییە، بەڵام بە قیستیش بیدەنەوە ئاساییە.
(مەحموود حاجی) ئاماژەی بەوە دا: "مانگانە داهاتی وەزارەتی کارەبا 25ملیار دینارە، بەڵام بەشێک لە خەڵک و دامودەزگاکانی حکوومەت پارەی کارەبا نادەن، ئێمە هەوڵ دەدەین ئەو پارانە وەربگرینەوە هیچ کەسێکیش ناتوانێت خۆی لەو قەرزانە بدزێتەوە."

ڕاوێژکاریی وەزیری کارەبا گوتیشی: "لە چاو خەرجییەکاندا، داهاتی وەزارەتی کارەبا زۆر زۆر کەمە، بەڵام لەبەر قەیرانی دارایی ئەویش بۆ وەزارەتی دارایی دەگەڕێتەوە و، نادرێتە وەزارەتی کارەبا؛ داوا دەکەین لە ساڵی دادێوە بدرێتەوە بە وەزارەتی کارەبا خۆی."

ئەمساڵ داهاتی وەزارەتی کارەبا نزیکی 220ملیار دینار بووە. پاریش داهاتەکە 300ملیار دینار بوو؛ بە گشتی 269 ملیار دیناری داهاتی کارەبا لە قەرزدایە و، وەرنەگیراوەتەوە.

یەحیا سابیر
 

هەواڵی پەیوەندیدار