پارتی: ئەوەندەی نەماوە بۆ حکوومەتە خۆجێییەکەی ھەولێر لەگەڵ لایەنەکاندا ڕێک کەوین
ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی لیستی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر دەڵێت، لەگەڵ گۆڕاندا ڕێک کەوتوون و، ئەم هەفتەیە لەگەڵ یەکێتییشدا ڕێک دەکەون و، هەفتەیەکی دیکەیش وەڵامی لیستی خزمەت دەدەنەوە.
سەرۆکی لیستی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر (کەنعان خەیلانی) بە ماڵمەڕی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە بارەی حکوومەتی خۆجێیی ھەولێرەوە لەگەڵ لایەنەکاندا وا خەریکە ڕێک دەکەوین؛ لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕاندا وا ڕێک کەوتوون کە قایمقامی مەرکەزی ھەولێر و دوو بەڕێوبەری گشتی و پێنج بەڕێوەبەری ناحیەیان پێ دەدەن. لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیشدا لە یەک حاڵی بووینە و، جێگری دووەمی پارێزگار و، دوو بەڕێوەبەری گشتی بۆ ئەوان دەبێت؛ لە باسی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەیشدا زۆری نەماوە ڕێک کەون و، ڕەنگە ئەم حەفتەیە بە یەکجاری ڕێک کەون.
سەرۆکی لیستی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر ڕوونیشی کردەوە: "ئەم هەفتەیە لەگەڵ لیستی یەکێتیی نیشتمانی کوردستاندا ڕێک دەکەون و، هەفتەی دادێ وەڵامی داواکارییەکانی لیستی خزمەت دەدەنەوە؛ جارێ با بزانن وەڵامی ئەوان چۆن دەبێت و، ھەوڵ دەدەن ئەوانیش ڕازی بکەن."
ئەوەشی خستە ڕوو، بەپێی هەقی ھەڵبژاردن پۆست بە لایەنەکان دەدرێت و، پێدانی ئەو پۆستانەش بە ھیچ شێوەیەک پەیوەندیی بە پارێزگای سلێمانییەوە نییە؛ گەشبینیشن لە ماوەیەکی نزیکدا لەگەڵ ھەموو لایەنەکاندا ڕێک کەون و، بەشدار ببن لە حکوومەتە خۆجێییەکەی هەولێردا.
بڵند ئیبراھیم




