بەڵگە لەسهر گەندەڵییەکانی مالیکی.. بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن زەویی دابەش کردووە

هەولێر-KDP.info- بڕیاردەری لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (شاخەوان عەبدوڵڵا) ئاشکرای کرد، (نووری ) لە بانگەشەی دواهەڵبژاردندا بە نایاسایی زەویی بەسەر وەزیر و بەرپرسانی ئەمنی و سەربازیدا دابەش کردووە.
(شاخەوان عەبدوڵڵا) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، (مالیکی) زەویی حکوومیی گرانبەهای بەسەر بەرپرسانی سەربازی و ئیداریدا دابەش کردووە؛ گوتی: "بەپێی ئەو بەڵگانەی لای ئێمەیە (نووری مالیکی) سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، بە خۆڕایی زەوی لە گرانترین شوێنەکاندا، بە تایبەت لە بەغدا بە بەرپرسانی ئەمنی و زۆرێک لە بەرپرسە باڵا عەسکەرییەکان داوە."
(شاخەوان عەبدوڵڵا) ئاشکرایشی کرد: "لەو لیست و بەڵگانەی لای ئێمەدن، (مالیکی) زەویی بە وەزیر و وەکیلوەزیر و هەندێ بەرپرسی تری حکوومەت داوە، یان لە هەندێک شوێن بە نرخێکی زۆر کەم لەسەریانی تاپۆ کردووە".
بڕیاردەری لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق زانیاریی لەسەر کاتی دابەشکردنی ئەو زەویانە ڕاگەیاند و، گوتی: "زۆربەی ئەو زەویانە لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ڕابردوودا لە لایەن (مالیکی)ـیەوە دابەش کروان، ئەویش بۆ کڕینی وەلائی ئەو بەرپرسانە."
(شاخەوان عەبدوڵڵا) لە درێژەی لێدوانەکەیدا دەڵێت: "بەڵگەمان لە لایە هەندێک شوێنی خزمەتگوزاری بە ڕووبەری 600 مەتر بە بڕیاری (مالیکی) دراوە بە وەزیر، ئەو کارانەش دەبێت لێپرسینەوەیان لێ بکرێت."
یەحیا سابیر




