خەلیلزاد: هەولێر بتوانێ بە نەوتەکەی مووچە دابین بکات، بەغدا کۆنفیدراڵییەت قبووڵ دەکا

هەولێر-KDP.info- (زاڵمای خەلیلزاد) لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئەشەرقولئەوستدا، بایەخی سیستمی فیدراڵ و کۆنفیدراڵی لەپێناو چارەکردنی قەیرانەکانی هەندێکی وڵاتان دەخاتە بەر باس؛ ئەو باوەڕی وایە کە، کورد توانی پڕۆژەی خۆی پێوەست بە داهاتی نەوت بداتە بەغدا و حکوومەتی عێراقیش پێشنیازەکەیانی کە کۆنفیدراڵییە قبووڵ کرد.
(خەلیلزاد) هاوکات لە بایەخی لێدوانەکانی سەرۆکی فەیلەقی قودسی کۆماری ئیسلامیی ئێران(قاسم سلێمانی)، کەم دەکاتەوە بەوەی کە گوتویەتی، وڵاتەکەی هەولێری دەرباز کرد، چونکە وەک (خەلیلزاد) دەڵێ، "هەولێر لەەبردەم هەڕەشەی کەوتندا نەبوو، هاوکاریی ئێرانیش ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی نەبینیوە."
لە وەڵامی ئەوەدا کە کورد ئاسوودە نین لەوەی کە جیهان هاوکاریان نین، بە تایبەت لە کۆبانی.. تورکیا هاوکار نییە و پێچەوانەکەی دروستە، هەروەها کێشە لە نێوان خودی کورداندا هەیە، (زاڵمای خەلیلزاد) دەڵێ، "باوەڕم وایە کە کورد بە زوو ڕاگەییشتنی ئەمەریکا لە پارێزگاریکردن لە هەولێر ئاسوودە بوون، هەروەها هەندێ وڵاتی دراوسێیش هاوکارییان کردوون. ئێران و وڵاتانی دیکەیش ڕۆڵی پشتیوانییان بینیوە. هەولێر هەڕەشەی بەسەرەوە بوو.. داعش چەکی زۆر لە هیی پێشمەرگە پێشکەوتووتری لە دەست دایە، ئەم جۆرە قەیرانانەیش کێشەی دیکە دەردەخەن، ئەو هەڕەشە بوو بەسەر بەغدا و کوردستانیشەوە، دەرووی لەبەردەم گۆڕای نی حکوومەتدا کردەوە، هەردوو لایش لەوە دەکۆڵنەوە چۆن بگەنە یەک و لە دیت و بۆچوونەکانی یەکدی تێ بگەن و یەکدی قبووڵ بکەن. هەندێ هەنگاوی ئەرێنی نراون، چاوەڕوانین تا بزانین بە ڕێککەوتنی هەمیشەیی بگەن. کورد هەوڵ دەدەن پێوەندییان لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای سیستمی کۆنفیدراڵی بێ. هەمووان بەشێکن لە دەوڵەت، بەڵام هەریەکێکیان کاروبارەکانی خۆی ڕایی دەکات. ئەگەر ڕێککەوتنیان لەبارەی نەوتەوە سەرکەوێ، گەییشتن بەم جۆرە لە ڕێککەوتن ئاسانتر دەکات.
ئەگەر کوردستان نەوتی پێویست بەرهەم بێنێ و میزانییەی خۆی دابین بکات، ئەوا ئەوکات پێوەندی نێوان هەردوو لا واقیعیتر دەردەکەوێ."
(زاڵمای خەلیلزاد) جەختیش دەکاتەوە "بەو خێرایی کاردکردنەی هەولێر لە بواری وەبەرهێنانی نەوتدا بەو ئامانجە دەگەن. دەتوانن لە ماوەی ساڵێکدا 600تا700هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا وەبەر بێنن و بەمەیش دەتوانن مووچە دابین بکەن، دواتر بەغدا ئاسانتر دەردەکەوێ، کە ئاسان نییە."
لە وەڵامی ئەوەیشدا کە کورد پاش وەبەرهێنانی نەوتی پێویست داوای سەربەخۆیی ناکەن، (زاڵمای خەلیلزاد) دەڵێ "هەموومان کورد دەناسین کە بڕیاردان لە چارەنووس بە مافی خۆیان دەزانن، دەشڵین ئێمە لە چوارچێوەی حوکمی کۆنفیدراڵیدا لەگەڵ عێراقدا دەمێنینەوە. کاتێک بەغدایش بودجە و مووچەی کوردستان راگرت، بەو واتایە بوو کە کۆنفیدراڵییەتی قبووڵ کردوو، بەڵام ئەگەر کوردستان هەر چاوی لە پارەی بەغدا بێ، ئەوا قورسە بەغدا ئەمەی پێ قبووڵ بکرێ."
(خەلیلزاد) کە ئێستا سەرۆکی دامەزراوەی ئەسۆشیاتسە بۆ راوێژکاریی نێودەوڵەتی، دەربارەی ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی ئێران لە هاوکاریی هەولێر، لە سەرەتای هێرشی داعش، دووپاتی دەکاتەوە کە، "بە هیچ جۆر لەسەر ئەوە کۆک نیم. جارێ سەرەتا بابەتی ئەوەی کە هەولێر لە کەوتن بووە! گوێم لە زۆرێک لێکدانەوەی ئەو کەسایەتیانە بووە کە لە هەولێر نیشتەجێن، دۆخی هەولێر ئەوکاتیش و ئێستایش هەر ئاسایی بووە. دووەم شت ئەوەیە، ئەگەر بە ڕێکی ئەو دەستپێشخەری و پشتیوانیانە بۆ هەولێر نیشان بدەین، ئەوا گورزی ئاسمانیی هاوپەیمانان یەکلاکەرەوە بووە. کورد دەڵێن ئێران و وڵاتی دیکەیش هاوکارییان کردوون، بەڵام هاوکاریی ئێران ناچێتە خانەی یەکلاکردنەوەی دۆخەکە، وەک ئەوەی (قاسم سلێمانی) گوتوویەتی."
دەربارەی پێکهێنانی هێزی پاسەوانی نیشتیمانیی عێراق کە لە سوننە پێک دێت و بە هۆی بوونی میلیشیا شیعەکانەوەیە، (زاڵمای خەلیلزاد) کە باڵیۆزی ئەەمریکا بووە لە ئەفغانستان و دواتر لە عێراق دەڵێ، "ئەمە باەبتێکی ئاڵۆزە. لە ڕوویێکەوە دەشی هێزێکت هەبێ لە وەک پۆلیس، یان پاسەوانی نیشتیمانیی ئەمەریکا، هەموو ناوچەکان تێیدا بەشدار بن، هەروەها دەشێ سوپایەکی نیشتیمانیت هەبێ و جێ باوەڕی هەمووان بێ، ئەرکی هەریەکێکیشان جیاواز بێ. وەک نموونە، دەشێ لە ناوچە شیعەکان پاسەوانی تایبەت هەبێ، ئەمە بۆ ناوچە سوننەکانیش دروستە، بۆ کوردیش پێشمەرگە، ئەڵبەت بۆ هەڕەشە دەرەکییەکانیش ئەوکات سوپا ڕۆڵ دەبینێ. ئەمە بەو واتایەیە کە هەموو لایەک متمانە بە سوپا دەکات، سیستمی سیاسییش کە سوپا لە خزمەتیدایە، لای هەمووان قبووڵکراو دەبێ. مەترسییەکە لەوەیە کە بڕوا بە سوپا نەبێ، ڕژێمیش لای هەمووان جێی باوەڕ نییە، ئەو هێزانەیش بەرەوڕووی یەکدی دەبنەوە. میلیشیا لێرە و پاسەوان لەوێ، ململانێیش لەو نێوەڕاستدا. ئەگەر ڕێککەوتنی سیاسی لە بارەی شێوەی وڵات هەبی، نابێ ئەو هێزانە دژ بەیەکدی بجەنگن."
زیاتر گوتی "ئێستا سوپایەکی لاواز هەیە، بۆیە ڕۆڵی میلیشیاکان زیاد بووە، ئەمە پرسێکی مەزهەبییە، چونکە هەموویان میلیشیای شیعەن وەک، بەدر، عەسایب ئەهلولحەق. لێرەدا قسە دێتە سەر بەهێزکردنی پێشمەرگە و پێکهێنانی سوپای نیشتیمانی."
(خەلیزاد) هیوایش دەخوازێ ناوچەکە نەکەوێتە شەڕەوە و گوتی، "ئەگەر زۆرینە بێهیوا بن، ئەوا دەڵێن دەبێ هەندێ کارەسات بکەونەوە بەر لەوەی کاراکتەرە سەرەکییە هەرێمییەکان وێکرا دانیشن، هەروەک پاش دووەم جەنگی جیهان. لە بری ئەوەیش هەڵەکانیان دووبارە بکەنەوە، دەخوازم جەنگ لە ناوچەکەدا بەرپا نەبێ و، خەڵکی لە ئەوانی دیکەوە فێر بووبێتن. ئەمەیش پێویستی بە ڕێککەوتنی بەرانبەر هەیە و هەندێ لە بنەماکانی گەمەکەیش لە دەست گرووپگەلێکدان. دەزانم کە زۆرینەی وڵاتانی عەرەب، فیدراڵی و کۆنفیدراڵی ڕەت دەکەنەوە، ئەڵبەت بۆ ماوەیەک لەپێناو بنیاتنانی پردی متمانە و گەییشتن بە دابەشکردنی دەستەڵاتەکان. هەموو پیویستیان بە دابەشکردنی دەستەڵاتەکانی نێوەند هەیە."
نموونە بە عێراق دەهێنێتەوە و دەڵێ "کورد دەیانەوێ دابەشکردنی دەستەلاتەکان زۆرتر بن، دەیانەوێ خۆیان کاروباری نێوخۆیان ڕایی بکەن. ئەرکی وڵاتانی ناوچەکەیشە بە دوای بژاردەدا بگەڕێن، تا بگەنە ڕێککەوتنێکی قبووڵکراو و کاری پێ بکرێ، چونکە بریتی ئەمە بەردەوامیی قەیرانەکان و دیکتاتۆرییەتە."
زریان زیاد




