پێچەوانەی ڕێكکەوتنەكە، چەكدارانی شیعە لە جەلەولا جێگیر دەبن

جەلەولا-KDP.info- سەرچاوەیەك ئاشكرای دەكات، چەكدارانی شیعە لە شارەدێی جەلەولا جێگیر بوون و، ڕایانگەیاندووە ناوچەكە چۆڵ ناكەن؛ ئەوە هیچ، تەنانەت ڕێگەیش نادەن پێشمەرگە بچێتە سنووری سەعدییەوە.
پێشمەرگە و چەكدارانی شیعە ڕێک كەوتن لەسەر ئەوەی سەعدییە بە دەست شیعەكانەوە بێت و جەلەولایش لە ژێر دەستی پێشمەرگەدا بێ.
لەبارەی دوازانیارییەكانەوە، ئەندامی ناوچەی جەلەولای پارتیی دیموكراتی كوردستان(مەحموود دەلۆ) بە "ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان"ـی ڕاگەیاند: "چەكدارە شیعەكان ڕێگە بە هێزەكانی پێشمەرگە و، بەرپرسانی كوردیش نادەن بچنە ناو شارەدێی سەعدییەوە؛ هەر ئا لەو چەند ڕۆژەدا ئەفسەرێك و چەند پێشمەرگەیەك ویستوویانە بچنە ئەو شارەدێیەوە، کەچی چەكدارە شیعەكان تەقەیان لێ كردوونە."
(مەحموود دەلۆ) گوتیشی: "لە ناو چوار گەڕەكی جەلەولا هێزی خۆراسانی سەر بە شیعەكان جێگیر بوونە؛ بەرپرسی هێزەكەیش ڕایگەیاندووە كە ناوچەكە جێ ناهێڵن و ئەوە بە مەحاڵ دەزانن لە جەلەولا بچنە دەرەوە."
ناوبراو ڕایشیگەیاند: "لە كاتی هاتوچۆكردندا چەكدارە شیعەكان تەنانەت ڕێگەیان بە (ئەنوەر حوسێن)، بەڕێوەبەری ناحیەی جەلەولا نەداوە بە ڕێگای سەعدییەدا بگەڕێتەوە جەلەولا."
ئەو ئەندامەی پارتی لە جەلەولا ڕایشیگەیاند: "هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و بەرپرسانی پێشمەرگە لەو کارانەی چەكدارە شیعەكان ئاگادارن، بەڵام هێشتا هیچ کارێکیان نەکردووە. "
كاروان جاف




