پێشمەرگە دیاری بەخشییە 10 هەزار منداڵی ئاوارە

دهۆک-KDP.info- هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لەسەر رێنمایی (سەرۆك مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ 12\12\2014 لە هەردوو كەمپی باهجەت كەنداڵی 1 و 2 زیاتر لە 10 هەزار پێڵاوی منداڵانی بۆ هەردوو رەگەزی كوڕ و كچ دابەش كرد.
سەرچاوەیەک لە هێزی پێشمەرگە لەبارەی ئەم دیارییانەوە رایانگەیاند: "هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە درێژەی چالاكییەكانمان جگە لە ئەركی پاراستن و بەرگریكردن لە خاكی كوردستان، هەڵمەتی دابەشكردنی 10 هەزار پێڵاوی منداڵانمان لە كەمپەكانی یەك و دووی بەهجەت كەنداڵ لە سنووری ناحیەی باتێل لە دهۆك دەست پی کردووە."
سەرچاوەکە زیاتر گوتی: "بەپێی رێنماییی جەنابی (سەرۆك بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئێمە هەمیشە لە خزمەتكردنی ئاوارەكان درێخی ناكەین بەتایبەتی منداڵان، كە بەهۆی شەڕی داعشەوە تووشی دۆخی ئاوارەیی بوون و لە حاڵەتی دەروونی باشدا نین، لە ڕێی ئەم دیارییە بچووکانەوە پێیان دەڵێن: كوردستان ئارامە و باوەشێكی پڕ سۆزە بۆ هەمووان و پێشمەرگەیش سمبولی مافەكانی ئێوەیە."
بەڕێوەبەری ناحیەی باتێل (وارشین سەلمان) لەبارەی ئەم دیارییانەوە ئاماژەی دا: "جێگەی رێزە دوو رۆژە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە سنووری ناحیەی ئێمە سێ كەمپ، قادیا و بەهجەت كەنداڵی یەك و دوویان بەسەر كردەوە، ئەم دیارییانە بایەخێكی ئێجگار زۆری هەیە و لە سیمای منداڵەكاندا دیارە كە چەند بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لە هێزەكانی پێشمەرگە دەكەن."






