پێشمەرگە هەوڵێكی داعشی بۆ گەییشتن بە مەزاری شێخ شەرفەددین پووچەڵ كردەوە

شنگاڵ-KDP.info- ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (مەحما خەلیل) رایگەیاند، ئەمڕ تیرۆریستانی داعش ویستویانە بە دوو هێرش خۆیان بگەنە نێو مەزاری شێخ شەرفەددین، بەڵام هێرشەكانیان لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە تێك شکێندرا و گورزی توندیشیان لێ وەشاندن.
چیای شنگال كە پەناگەی دەیانهەزار ئاوارەی ئێزدی بوو، لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە بەرگریێكی قارەمانەی لێ کراوە و دەکرێ کە بە هۆیەوە ڕێ لە پێشڕەوەیی داعش گیرا نەبادا بگەنە مەزاری شێخ شەرفەددین و بیتەقێننەوە. ئەمڕۆیش لە دوو هێرشدا تیرۆریستانی داعش ویستیان بگەنە نێو ئەو مەزارە و بیتەقێننەوە، بەڵام بەهۆی بەرگریی پێشمەرگەوە، دوو هێرشەكەی تیرۆریستان تێك شكێندران.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (مەحما خەلیل)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی باسی لە چۆنیەتیی هێرشەكانی تیرۆریستان و بەرخودانی پێشمەرگە کرد و دەڵێ، ئەمڕۆ تیرۆریستانی کە لەپیناو تێكدانی مەزاری شەرفەدین و مەزارە پیرۆزەكانی دیكە، چەند هێرشێكیان بەرپا کردن، بەڵام پێشمەرگە قارەمانەكان بەرپەرچیان داونەوە و خۆبەخشانی ئێزدیش لە پاڵ پێشمەرگە، بەشدارییان لە شەڕەدا کرد و، گورزێكی توندیان لە تیرۆریستانی داعش وەشاند كە، لە ئاكامدا چەند تیرۆریستێك كوژران.
بە گوتەی (مەحما خەلیل)، بۆ جاری دووەمیش تیرۆریستان لە ناوچەكەدا هێرشێكی دیكەیان لە رێی هەمەرێكی بۆمبرێژكراوەوە بۆ نێو مەزاری شێخ شەرەفەددین هێنا، بەڵام لەلایەن هێزی پێشمەرگەی قارەمان بە زوویی بەرپەرچ درایەوە و هەمەرەكە بەر لەوەی ئامانج بپێكێ، تەقێندرایەوە.
(خلیل) دەشڵێت، تیرۆریستانی داعش لە ناوچەكە بە تەواوی شپرزە و پەرتەوازە بوون، چونكە چەندین جارە بە دەستی هێزەكانی پێشمەرگە و خۆبەخشانی ئێزدییەوە تێک دەشکێندرێن و، هەموو جارێكیش بە چەندین كوژراو و بریندارەوە ڕادەكەن.
(مەحما خەلیل)، ئاشكرایشی كرد، "لە چیای شنگال فەرمانمان پێ دراوە تەنیا لە حاڵەتی بەرگریدا بین، هەر كاتێك (سەرۆك بارزانی) فەرمانمان پێ بدات ئەوا هەڵمەتی قەڵاچۆكردنی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەكەدا بەرپا دەکەین"، زیاتر گوتی، "زۆر سوپاسی هەوڵ و ماندووبونی (سەرۆك بارزانی) دەكەین كە بە بەردەوامی ئاگاداری رەوشەكەیە و، هەموو پێداویستییەكمان بۆ دەنێرێت، بۆیە ئێمە سۆز و بەڵێن دەدەینە (سەرۆك بارزانی) و گەلی خۆمان كە نەهێڵین دەستی چەپەلی تیرۆریستانی داعش بگاتە چیای شنگال."
ئەو ئەندامەی پێشووی ئەنجوومەنی نوینەرانی عیراق، ئاماژەیشی دا بەوەی کە، هەر ئەمڕۆیش لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانانەوە چەندین موڵگە و شوێنی تیرۆریستانی داعش بۆردوومان كراون و، بە گوێرەوی زانیارییەكان زۆریان لێ کوشتوون.
هاوكات ئەوەیشی خستە ڕوو كە، "چەند هەفتەیەك پێش ئێستا زانیاریمان پێ گەییشت كە، (عومەر چیچانی) گەورەبەرپرسێكی تیرۆریستانی داعش سەردانی ناوچەی بەعاجی كردووە و، لەوێ رەخنەی لە تیرۆریستان گرتووە كە بۆچی نەیانتوانیوە تا ئێستا چیای شنگال بگرن، بۆیە پاش ئەو كۆبونەوەیە داعش چەندین جارە هێرش دەهێنن، بەڵام لە هەموو هێرش و هەوڵەكانیاندا شكستیان بردووە."
نەشوان بەرزنجی




