٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سۆفی، سێ ڕێچارە بۆ ڕازیکردنی تورکمان و مەسیحییەکان دەخاتە بەر باسەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-  پەرلەمانتارێکی پارتیی دیموکراتی کوردستان، سێ رێچارە دەخاتە ڕوو بۆ ئەوەی ھەردوو پێکھاتەی مەسیحی و تورکمان لەبارەی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی رازی بکەن، یەکێ لە بژاردەکانیش ھەموارکردنەوەی کۆمسیۆنە لە ماوەی شەش مانگدا تا دوو ئەندامیان بۆ زیاد بکرێت.

ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەفراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان (فرسەت سۆفی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "سەرۆکی ھەرێمی کوردستان باسی لەوە نەکردووە کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی لە ھەرێمی کوردستان ڕەت بکاتەوە، چونکە پێشتر ئەو ئیمزای کردووە و، ناگەڕێتەوە بۆ لای ئەو، بەڵکە باسی لەوە کردووە کە ھەوڵی رازیکردنی پێکھاتەکانی مەسیحی و تورکمان دەدەین، چونکە ھەرێمی کوردستان بە ھەموو پێکھاتەکانەوە جوانە و پێویستە رازی بکرێن."

(فرسەت سۆفی) جەختی کردەوە، "ئەرکی ھەموو فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستانە کە چارەیەک بدۆزینەوە بۆ رازیکردنی ھەردوو پێکھاتەی مەسیحی و تورکمانەکان."

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی چەند رێگایەکیشی بۆ چارەکردنی ئەو پرسە لە ڕووی قانوونی و سیاسییەوە خستە ڕوو و گوتی، "یەکێک لەو رێگایانە ھەموو فراکسیۆنەکان وەرەقەیەک ئیمزا بکەن کە لە ماوەی شەش مانگدا ئەو یاسایە ھەموار دەکەنەوە و دوو ئەندامی بۆ زیاد دەکەن و، ئەوان خۆیان دیاری بکەن؛ رێگای دووەم ئەوەیە کە، ئەو دوو ئەندامەی دانراون دەست لە کار بکێشنەوە و ئەوان دوو کەسی دیکە دیاری بکەن کە لەسەر حیسابی پارتی و یەکێتی بێت"، بەڵام هەرچی ڕێگای دووەمە وەک (سۆفی) دەڵێ رەنگە ئەمەیان ھەندێک قورس بێت، ئەڵبەت رێگای سێیەمیش هەیە کە وەک ئەو باسی دەکات "چەند پۆستێکی گرینگ لەناو کۆمسیۆن ماون، وەکو بەرپرسی ئۆفیسی پارێزگاکان و بەرێوبەرە گشتییەکان کە شەش حەوت پۆست ماون، دەتوانن بەمانە رازییان بکەن."

(سۆفی) لەسەر ئەو باوەڕەیشە کە، لە چەند رۆژی دادێ، ھەوڵی چارەکردنی ئەو پرسە دەدرێت، گوتیشی "منیش ئەم رێگایانە دەخەمە ڕوو بۆ ئەوەی بە یەکێک لەو رێگایانە ئەو پرسە چارە بکرێت."

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار