بەریتانیا 16.5 ملیۆن پاوەندی دیكە بۆ یارمەتیی ئاوارەكانی هەرێم تەرخان دەكات

بەریتانیا-KDP.info- وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ كاروباری گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (دێسمۆند سوەین) رایگەیاند، دوو هەفتەی دی، حكوومەتی وڵاتەكەی بڕی 16.5 ملیۆن پاوەندی دیكە بۆ یارمەتیدانی پەنابەرانی كوردستان دادەنێ و لە ڕێی ڕێكخراوەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانیشەوە بەسەریاندا دابەش دەكرێت.
وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ كاروباری گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (دێسمۆند سوەین) رایگەیاند، هێزی پێشمەرگە ڕۆڵی سەرەكی لە شەڕكردن لەگەڵ داعش لە ناوچەكەدا دەبینێت. گوتیشی حكوومەتی وڵاتەكەی ئەوەی لە دەستی دابێت بۆ كوردستان دەیكات.
پێوەست بە پرسی ئاوارەكانی نیشتەجێبووی هەرێم، وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ كاروباری گەشەپێدانی نێودەوڵەتی گوتی، دوو هەفتەی دی، حكوومەتی ولاتەكەی بڕی 16.5 ملیۆن پاوەندی دیكە بۆ یارمەتیدانی پەنابەرانی كوردستان تەرخان دەكات و لە ڕێی ڕێكخراوەكانی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بەسەریاندا دابەش دەكرێت.
(سوەین) دەشڵێت، وڵاتەكەی لە بواری هاریكاریكردنی پەنابەرانی كوردستان بەردەوام دەبێت و كاریش دەكات بۆ ئەوەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی زیاتر بە هانای ئەو پەنابەرانەوە بچێت. هاوكات سوپاسی حكوومەتی كوردستانیشی كرد كە لەگەڵ بوونی چەندین تەنگژە و قەیران، توانی بە باشترین شێوە پێشوازی لەو پەنابەرانە بكات و شوێنی حەوانەوەیان بۆ دابین بكات.
ئەم گوتانەی وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ كاروباری گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (دێسمۆند سوەین) لەمیانی سەردانێكی بەرپرسی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (فەلاح مستەفا) هات كە لە بەریتانیا كۆبوونەوە و تیایدا پرسی ئاوارەكان و داعش و پێوەندی نێوان هەرێم و بەریتانیایان خستە بەرباسەوە.
لە دیدارەكەدا بەرپرسی پێوەندیەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (فەلاح مستەفا) سوپاسی هەڵوێستی حكوومەتی بەریتانیای كرد لە هاریكاریكردنی گەلی كورد لە بوارەكانی مرۆیی و سەربازی. هەروا ئاماژەیشی بە بارودۆخی پەنابەرانی كوردستان كرد كرد بە تایبەت لەم كات و ساتەدا كە بەرەو وەرزی زستانە و كەش و هەوا ڕوو لە ساردی و بەفر و بارانی زیاتر دەكات.
(مستەفا) گوتیشی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بارودۆخێكی داراییی خراپدایە، ئەویش بەهۆی شەڕی داعش و بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستان لە لایەن حكوومەتی فیدڕاڵەوە، ئەو دوو هۆكارەیش وایانكرددوە كە، حكوومەتی هەرێم لە بواری دابینكردنی كۆمەك و شوێنی حەوانەوە بۆ ئەو پەنابەرانە باری قورستر بێ.
(فەلاح مستەفا) وێڕای ستاییشی ڕۆڵی بەرزی حكوومەتی بەریتانیا، داوایشی كرد هاریكارییەكان زیاتر بكەن و كار بكەن تا ئەو هاریكارییە مرۆییانەی بۆ كوردستان دەنێردرێن، بەشێكی لە ڕێگای ڕێكخراوە ناحكوومییەكانیشەوە بە سەر ئاوارەكاندا دابەش بكرێت، ڕوونیشی كردەوە كە "هەر لە سەرەتاوە ئێمە لە كوردستان دەرگاكانمان بۆ لێقەوماوان و پەنابەران واڵا كردوون. ئیستایش کەمینە نەتەوە و ئایینەكانی ناوچەی مووسڵ بە تایبەتی و عێراق بە گشتیی ڕوویان لە كوردستان كردووە و ئێمەیش گیانیان دەپارێزین و بە گوێرەی توانایش هاریكاریی مرۆییمان كردوون، بەڵام پێویستمان بە هاریكاریی زیاتری كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەو بوارەدا هەیە."
هەر لە درێژەی دانیشتنەكەدا بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوە داوای لە بەریتانیا كرد لە ڕێگای هاوپەیمانەكانییەوە كۆمەكی دارایی بۆ ئەو پەنابەرانە پەیدا بكات بۆ ئەوەی یارمەتیدەرێكی زیاتر بێت بۆ پەیداكردنی بژێوی ڕۆژانەیان.
لەبارەی هاریكاریی بەغدایش بۆ ئاوارەكانی نیشتەجێی هەرێم (مستەفا) رایگەیاند "حكوومەتی فیدراڵ هێشتا نەهاتووەتە پێش و وەك پێویست هاریكاری ئەو پەنابەرانە ناكات. جگە لەوەی كە حكوومەتی فیدڕاڵ نزیەكەی 16 ملیار دۆلار قەرزداری حكومەتی هەرێمە و مووچەی فەرمانبەران و بودجەی هەرێمی بڕیوە، ئامادەش نەبووە یارمەتیی ئەو پەنابەرانە بدات كە زۆربەی هەرە زۆریان خەڵكی بەشەكانی دیكەی عێراقن."
KDP.info




