پاشەڕۆژی پێشمەرگە دەرکەوتنیەتی وەک هێزی ئاشتیپارێز.. بەریتانیا: گرینگە پێشمەرگە یەک بگرێتەوە

بەریتانیا-KDP.info- وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوین (تۆبایەس ئێلوود) ڕایگەیاند كە، "ئێمە بە لێبوردەیی و بەرپرسیارەتیی پێشمەرگە دەزانین، بۆیە ئەگەر ئەو هێزانە بخرێنە نێو سوپایەكی نیزامی و نیشتیمانییەوە و بە باشترین شێوە ڕاهێنانی بۆ بكرێت، ئەوا لە داهاتوودا ئەو سوپایە لە جیهاندا سوودی لێ وەردەگیردرێت بۆ ئەوەی وەك هێزی ئاشتیپارێز لە دونیادا بە كار بهێندرێت.
دوای ئەوەی ماڵپەڕی (دیفەنس ڤیو پۆینتس)، تایبەت بە كاروباری سەربازی و بەرگریی بەریتانیا، رایگەیاند، "هێزی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان، لە بەرپەرچدانەوەی داعشدا، لە ئاستی عێراقدا گەورەترین چالاكی كردووە. سوپای عێراق، وەك پێشمەرگە، توانای بەرەنگاربوونەوەی داعشی نییە". ئەمڕۆیش وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوین (تۆبایەس ئێڵوود) رایگەیاند كە، پاشەڕۆژ هێزی پێشمەرگە وەك هێزی ئاشتیپارێز سوودی لێ وەدەگیرێت.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوین (تۆبایەس ئێلوود)، ستاییشی ڕۆڵی قارەمانانەی پێشمەرگەی كوردستانی كرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و دووپاتی كردەوە كە، وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە بەخشینی چەك، تەقەمەنی و راهێنان بۆ پێشمەرگەی كوردستان. هەروەها پرسی یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی كرد لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان و سوپایەكی نیشتیمانی و ئاماژەیشی دا، ئەگەر هاتوو حكوومەتی هەرێم ئەو كارە ئەنجام بدات، ئەوا پێگەی هەرێم لە دەرەوە بەهێزتر و گەورەتر دەبێت ئەو وەزیرە بەریتانیاییە دەڵێت "ئێمە بە ڕۆحی لێبوردەیی و بەرپرسیارەتیی پێشمەرگە دەزانین، بۆیە ئەگەر ئەو هێزانە بخرێنە نێو سوپایەكی نیزامی و نیشتیمانییەوە و بە باشترین شێوە ڕاهێنانی بۆ بكرێت، ئەوا لە داهاتوودا ئەو سوپایە لە جیهاندا سوودی لێ وەردەگیردرێت بۆ ئەوەی وەك هێزی ئاشتیپارێز بە كار بهێندرێت."
(تۆبایەس ئێڵوود)، هاوکات خۆشحاڵیی حكوومەتی وڵاتەكەی بە ڕێككەوتنەكەی نێوان بەغدا و هەوڵێر دەربڕی و هیوای خواست كە لە ئاكامدا ڕێككەوتنێكی دوورخایەنی كۆنكرێتی لێ بێتە دی.
وەزیری كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوینی حكوومەتی بەریتانیا، هیواییشی خواست، ڕێككەوتنێكی یەكجارەكی لێ بێتە ئاراوە، چونكە لە ئاكامدا ڕێگە خۆشكەرێكی باش دەبێت بۆ ئەوەی كۆمپانیا جیهانییەكان زیاتر ڕوو لە هەرێمی كوردستان بکەن.
پێوەست بە پێوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیایش، (ئێڵوود) ئاماژەی بە پێوەندییە پێشكەوتووەكانی نێوان بەریتانیا و هەرێمی كوردستان دا و گوتی، ئەو پێوەندیانە بەردەوام دەبن و بەریتانیا لە ڕووی سەربازی و مرۆییەوە لە هاریكاریكردنی كوردستان بەردەوام دەبێت. هەروەها خۆشحاڵیی خۆی بۆ چالاكیی كۆمپانیا بەریتانیاكان لە كوردستان نیشان دا و جەختیشی كرد كە، ئەوان كار بۆ ئەوە دەكەن كە كۆمپانیاكانی بەریتانیا زیاتر و چالاكانەتر كارەكانیان لە كوردستان ئەنجام بدەن.
ئەم گوتانەی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوین لە میانی دیدارێكی ئەمڕۆی بوو لەگەڵ بەرپرسی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (فەلاح مستەفا).
(فەلاح مستەفا) لەو دیدارەدا گوتی، كوردستان بە بایەخەوە لە پێوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوولا دەڕوانێت و سوپاسی حكوومەتی بەریتانیای كرد بۆ ئەو هاریكارییە سەربازی و مرۆییەی كە پێشكەشی كوردستانی دەكات.
(فەلاح مستەفا) سوپاسی باڵیۆزی بەریتانیای كرد لە بەغدا كە ڕۆڵێكی گەورە و ئەرێنیی بینی لە نزیككردنەوەی بۆچوونەكانی نێوان بەغدا و هەرێم كە لە ئاكامدا بووە هۆكاری ئەو ڕێككەوتنەی نێوان هەولێر و بەغدا.
(مستەفا) ئاماژەیشی دا "ئێمە لە كوردستان بۆ گەییشتن بە چارەكردنی یەكجارەكی بۆ هەموو كێشە و پرسەكان هەموو كاتێك دەرگای گوتووێژمان لەگەڵ بەغدادا كردووەتەوە. ئەگەر بەغدایش ئەو ڕێككەوتنەی ئێستا وەك خۆی بە بێگرفت جێبەجێی بكات، ئەوا دەتوانین بە یەكەوە كاری زۆر باش بكەین بە تایبەت لەو بارودۆخەی ئێستادا."
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بەرپرسی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتیشی "پێویستە بوار بە حكوومەتەكەی بەڕێز (عەبادی) بدەین، بەڵام لە هەمانكاتدا پێویستە حكوومەتی نوێی عێراق ئەو هەڵانەی حكوومەتەكەی پێشەخۆی دووبارە نەكاتەوە كە بوونە هۆی ئەو تەنگژەیەی وڵاتی تێکەوت.
پێوەست بە پرسی داعش، (فەلاح مستەفا) ڕایگەیاند، كوردستان بەرپەرچی گرووپێكی تیرۆریستی دڕندەی داوەتەوە و لە جیاتی جیهانی نوێخواز ئەو شەڕە دەكات. هەروەها ئاماژەیشی دا كە ڕۆژانە لە چەندین بەرەی جەنگدا شەڕ و پێكدادان بەردەوامە و زۆربەی هەرە زۆری ئەو ناوچانەیشی داعش گرتبوونی لە چنگیان دەرهێنراونەتەوە و پلانیش هەیە لە داهاتوویەكی نزیكدا تەواوی ناوچەكانی تر ڕزگار بكرێن.
لە كۆتایی قسەكانیشیدا (مستەفا) داوای هاوكاری لە حكوومەتی بەریتانیا كرد بۆ رێكخستەوەی هێزەكانی پێشمەرگە. لەم رووەیشەوە وەزیری كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی حكوومەتی بەریتانیا ئامادەیی وڵاتەكەی نیشان دا لە پێشكەشكردنی ڕاوێژ لەمەڕ چۆنیەتیی دروستكردنی سوپایەكی نیشتیمانی بۆ كوردستان.




