٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فەرماندەی پێشمەرگە لە كۆبانی: بەشی زۆری كۆبانی بە دەست پێشمەرگە و شەڕڤانانەوەیە.. پلانی ئازادكردنمان داڕشتووە

سەرچاوە: KDP.info

كۆبانی-kdp.info- فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی رایگەیاند، بەشی زۆری كۆبانی بە دەست هێزی پێشمەرگە و شەڕڤانانەوەیە و لە كۆبوونەوەیەكیشدا لەگەڵ شەڕڤانان بەرنامە و پلانمان بۆ ئازادكردنی كۆبانی داڕشتووە.

فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لەكۆبانی عەمید (شەوكەت مزووری)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، شەڕڤانان بە هاوكاریی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی بەردەوامن لە پێشڕەویكردن و ئەمڕۆیش شوێنێكی دیكەیان رزگار كردووە و زیانی زۆریان بە داعش گەیاندووە، هەروەها چەندان تیرۆرستیش كوژراون و ژماریەكی زۆریش لە چەك و تەقەمەنی كەوتوونەتە دەست پێشمەرگە.

فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لەكۆبانی گوتیشی، داعش ورەی ڕووخاوە و توانای هێرشكردنی نییە تەنیا بەرگری لە خۆیان دەكەن، چونكە لەو كاتەوەی هێزی پێشمەرگە چووەتە كۆبانی، تیرۆریستان زیانی زۆریان بەر كەوتووە و توانای هێرشكردنیان نەماوە.
عەمید (شەوكەت مزووری) ئاماژەیشی دا كە، لەگەڵ شەڕڤانان كۆ بوونەوتەوە و پلانی باشیان بۆ رزگاركردنی كۆبانی داڕشتووە و بەم زووانە موژدەی رزگاركردنی كۆبانی رادەگەیەنن.

(مزووری) ئەوەیشی خستە ڕوو، "هەر چەندە پێشڕەوییەكانمان بە هەنگاوە و بە بەرنامە دەچینە پێشەوە لەبەر ئەوەی شەڕی كۆڵان بە كۆڵان لەگەڵ تیرۆریستانی داعش دەكەین، بەڵام سەرەڕای ئەوەیش بەشی هەرە زۆری كۆبانی لەدەست شەڕڤانان و هێزی پێشمەرگەدایە".
فەرماندەكەی پێشمەرگە لە كۆبانی پێوەست بە سوپای ئازاد دەڵێت، سوپای ئازاد فەوجێكیان لە كۆبانی هەیە.
روونیشی كردەوە كە، هێزی پێشمەرگە هەموویان سەلامەتن و بە ورەیەكی بەرزەوە لە سەنگەرەكانی شەڕدان و دژی داعش دەجەنگن.
(شەوكەت مزووری) راشیگەیاند، "فڕۆكە جەنگیەكانی هاوپەیمانان شەو و رۆژ و هەر كاتێك پێویست بكات، مۆڵگەكانی داعش بۆردوومان دەكەن و زیانی زۆریان پێ دەگەینن و ژمارەیەكی زۆری تیرۆریستانی داعش دەكوژرێن، بەڵام بە هۆی ئەوەی بۆردوومانی ئەو فڕۆكە جەنگیانە لە مەودایەكی دووری ئێمەیە، بۆیە قەبارەی زیانەكان درەنگ بەدەستمان دەگات".
بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار