دهۆك.. پێشمەرگە 3 هەزار جووت پێڵاوی منداڵانی لە دوو كەمپی ئاوارەكاندا دابەش كرد
دهۆك-KDP.info- هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان ئەمڕۆ لە هەردوو كەمپی سەرسنگ و كەمپی قادیا، زیاتر لە 3 هەزار جووت پێڵاویان بەسەر منداڵانی هەردوو رەگەزی كوڕ و كچدا دابەش كرد.
هێزەكانی پێشمەرگە لەبارەی ئەم دیاریانەوە رایانگەیاند، "جگە لە پاراستنی خاكی كوردستان و رووبەڕبوونەوەی تیرۆریستان، ئێمە دەمانەوێ لەم وەرزە ساردە، منداڵانی كەمپەكان بێبەش نەكەین لە دابینكردنی پێڵاو بۆیان". دەشڵێن، ئەمڕۆ لە كەمپی سەرسەنگ و قادیا زیاتر لە 3 هەزار جووت پێڵاوی كوڕان و كچانیان دابەش كردووە.
لای خۆیەوە بەڕێوەبەری ناحیەی سەرسنگ (موشیر بەشیر)، سوپاسی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانی كرد و هەروەها ئاماژەی دا، "لەسەر راسپاردە و رێنمایی جەنابی (سەرۆك بارزانی) لەم وەرزەدا هەوڵ دەدەین پێداویستییەكانی كەمپەكان دابین بكەین و هێنانی ئەم پێڵاوانەیش بۆ منداڵانی كەمپەكەمان مایەی خۆشحاڵییە كە بە دەستی پێشمەرگە دەبەخشرێن".
بەڕێوەبەری ناحیەی باتێل (وارشین سەلمان)، لەبارەی دابەشكردنی ئەو دیاریانەی هێزی پێشمەرگە لە كەمپی قادیا لە سنووری ناحیەكەی گوتی، "هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئەمڕۆ دووپاتی ئەوەیان كردەوە كە میللەتێكی سەربەرز و بەئیرادەین، نەك تەنیا پیشەمان پاراستنی خاك و هاووڵاتیانی كوردستانە، بەڵكە خزمەتكردنی ئاوارەكانیش ئەركێكی نیشتمانی و نەتەوەییە، بۆیە سوپاسی هێزی پێشمەرگە دەكەین".
بەپێی زانیارییەكان، هەڵمەتی دابەشكردنی پێڵاوی منداڵان لە كەمپەكانی دهۆك و زاخۆ چەند رۆژێكی دیكە بەردەوام دەبێت و هێزەكانی پێشمەرگە رایانگەیاند، زیاتر لە 10 هەزار جووت پێڵاوی منداڵان لە كەمپەكانی دیكە دابەش دەكەن.




