٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیستی پارتی لە سلێمانی: دوای ئەنجامی گفتوگۆكان هەڵوێستی خۆمان رادەگەیەنین

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info-  سەرۆكی لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، "یەكێتی و گۆڕان لە ئێستادا لیژنەیەكیان دروست كردووە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ لیستەكانی دیكە دەست پێ بكەن، بۆیە ئێمەیش چاوەڕوانی ئەوە دەكەین بزانین ئەو لیژنەیە چی دەكات، ئەو كات هەڵوێستی خۆمان رادەگەیەنین".

سەرۆكی لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی (زیاد كاكە رەزا)، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، "ئەمڕۆ یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رێككەوتنەكەیان خستە بەردەممان و  بەرگێكی یاساییان بەبەر رێكەوتنەكەیاندا كردبوو، لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی پارێزگار، سەرۆكی ئەنجوومەن و جێگرەكەی هەڵبژێردران، بەڵام لیستی پارتی و خزمەت و شۆسیالیست دەنگمان پێ نەدان".

(زیاد كاكە رەزا) گوتیشی، ئەوەی ئەمڕۆ كرا كارێكی ناشیاو بوو، چونكە ئەنجوومەنی پارێزگا، ئەنجوومەنێكی چاودێری و خزمەتگوزارییە، بۆیە ناكرێت چوارچێوەیەكی یاسایی بدرێتە رێككەوتنێكی حیزبی.

(كاكە رەزا ) راشیگەیاند، "چارەكردنی ئەو قەیرانە كارێكی باشە، بەڵام ئەوان لەسەر هەموو پۆستەكان رێك كەوتوون و چەند پۆستێكی كەم ماون رێككەوتنی بۆ بكەن كە پێویستە بە گوێرەی دەنگەكانی ئێمە پۆستمان پێ بدرێت".

هاوكات جەختیشی كرد كە، "لە ئێستادا ئەوان لیژنەیەكیان دروست كردووە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ لیستەكانی دیكە دەست پێ بكەن، بۆیە ئێمەیش چاوەڕوانی ئەوە دەكەین بزانین ئەو لیژنەیە چی دەكات، ئەو كات هەڵوێستی خۆمان رادەگەیەنین".
بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار