ئەڵمانیا..هەفتەی داهاتوو ڕەوانەكردنی 100 سەرباز بۆ مەشقی پێشمەرگە دەخرێتە بەردەم پەرلەمان

ئەڵمانیا-KDP.info- گوتەبێژی ڕاوێژكاری ئەڵمانیا (ستیڤن سیبیرت) ئاشكرای كردووە، هەفتەی داهاتوو پێوەست بە ناردنی زیاتر لە 100 سەربازی وڵاتەكەیان بۆ هەرێمی كوردستان و مەشقكردن بە هێزی پێشمەرگە، پێشبینی دەكرێت ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەڵمانیا ئەو پرسە ڕەوانەی پەرلەمانی ئەڵمانیا بكات و رەزامەندیی پەرلەمانی بۆ بدرێت.
دوای ئەوەی حكوومەتی ئەڵمانیا پرسی رەوانەكردنی 100 سەربازی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان بە مەبەستی راهێنانی هێزی پێشمەرگەی خستە چوارچێوەی کارە لەپێشینەكانییەوە، هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی ئەڵمانیا تاوتووی ئەو پرسە دەكات.
بە گوێرەی زانیاری ماڵپەڕی europeonline-magazine گوتەبێژی راوێژكاری ئەڵمانیا (ستیڤن سیبیرت) ئاشكرای كردووە كە، هەفتەی داهاتوو پێوەست بە ناردنی زیاتر لە 100 سەربازی وڵاتەكەیان بۆ هەرێمی كوردستان و مەشقپێكردنی هێزی پێشمەرگە پێشبینی دەكرێت ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەڵمانیا ئەو پرسە رەوانەی پەرلەمانی ئەڵمانیا بكات، بۆ ئەوەی رەزامەندیی پەرلەمانی بۆ بدرێت.
بە گوێرەی زانیارییەكانی میدیاكانیش پەرلەمانی ئەڵمانیا پێشوەختە رەزامەندی داوە كە وڵاتەكەی لە جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعش مەشق و راهێنان بە هێزی پێشمەرگە بكات.
هەر پێوەست بەم پرسەوە رۆژنامەی "Bild" زانیاریی زیاتری ئاشكراكردووە و بڵاویكردووەتەوە كە، پێدەچێت لە سەرەتای ساڵی نوێیەوە 100 سەربازانی وڵاتانی ئەڵمانیا بە مەبەستی راهێنانی هێزی پێشكەرگە بگەنە هەرێمی كوردستان. هەروەها بە گوێرەی زانیاری رۆژنامەی Bild، ئەمڕۆ هەریەك لە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا (فرانك فالتر شتاینمار)، وەزیری ناوخۆ (تۆما سدی مایتسیرە)، وەزیری داد (هیگۆ ماس) پرسی رەوانەكردنی زیاتر لە 100 سەربازی ئەڵمانیایان لە ئەنجوومەنی وەزیران تاوتوو كردووە و پێدەچێت رۆژی چوارشەممەی داهاتوویش ئەو پرسە رەوانەی پەرلەمان بكرێت بە مەبەستی رەزامەندی پەرلەمانی ئەڵمانیا بۆ رەوانەكردنی هێزەكە.
هەڵبەت بە گوێرەی زانیاریی رۆژنامەكان، ئەڵمانیا پلانێكی بەرفراوانی هەیە بۆ ئەوەی بە شێوازی نوێ مەشق و راهێنان بە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بكات.
پێشووتریش وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، (فرانك فالتر شتاینمایر) لە میانەی سەردانێكی بۆ ئازەربایجان رایگەیاند "ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەڵمانیا پێشووتر رەزامەندی دەربڕی بۆ ئەوەی چەك و كۆمەك، پێشكەشی هەرێمی كوردستان بكات و لە ئێستایشدا ناردنی چەك و تەقەمەنی زیاتر و شاندێك لە راهێنەرانی بواری سەربازی تاوتوودەكەین و رەوانەی هەولێری دەكەین".
(شتاینمار) پێشبینی كرد لە میانی سەردانەكەیشیدا پێشبینی كرد، "بەمەبەستی راهێنانی پێشمەرگە لە هەولێر چەند وڵاتێكی دی هاوپەیمان لە یەكیەتی ئەورووپایش، بڕیاری رەوانەكردنی تیمی سەربازی بدەن".
پێشووتریش رۆژنامەی زود دویچ تسایتونج، نووسیویەتی"یەكیەتی ئەورووپا لەهەوڵدایە 300 سەربازی شارەزا بۆ هەولێر رەوانە بكات كە لەنێویاندا 100 لەم سەربازانە ئەڵمانین".
جێی ئاماژەیە، ئەڵمانیا یەكێك لەو وڵاتانەیە كە چەكی بە هێزی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان داوە و، رۆڵێكی كاریگەری هەبوو بۆ پشتیوانیی هەرێمی كوردستان لە جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعش.
شاو كوردی




