عەرەفات كەرەم: هاتنی میلیشیا شیعەکان بۆ ناوچە كوردستانییەكان، لەوانەیە دۆخەكە ئاڵۆز بكات

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، مەترسییەكی گەورە لەسەر ناوچە كوردییەكانی هەرێمی كوردستان هەیە؛ چونكە بە هاتنی میلیشیا شیعەكان، كورد پشكێكی شەڕی شیعە و سوننەی بەردەكەوێت. دەشڵێت: "ئەمەریكا خەمیەتی میلیشیا شیعەكان دەستەڵاتیان گرتووە."
(د. عەرەفات كەرەم) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکرات کوردستانـی راگەیاند: "دروستبوونی میلیشیا لە عێراق، جێگای مەترسییە و، دروستكردنی خۆبەخشە چەكدارەكان (حەشەدی شەعبی) لەگەڵ دیموكراسی و دەوڵەتكاریدا ناگونجێت؛ چونكە دەبێت جڵەوی هەموو هێزە ئەمنییەكان بە دەستی حكوومەتەوە بێت؛ ئە و دوو خاڵە، زۆر گرینگە. لەبەر ئەوەیە ئێستا عێراق سیمای دەوڵەتداریی پێوە دیار نییە و، بووەتە شەڕی تایفەگەری لەنێوان شیعە و سوننەدا. مەترسییەکە ئەوەیە پریشکی شەڕەکەی ئەوان، بەر هەرێمی كوردستانیش بکەوێ."
(کەرەم) باوەڕی وایە کە، "هاتنی ئەو میلیشیا شیعانە بۆ ناوچە كوردستانییەكان، لەوانەیە دۆخەكە ئاڵۆز بكات، هەروەكو چۆن لە ناوچەی گەرمیان بینیمان ئەو میلیشیایانە لە ناوچەكە بوونەتە هۆی دڵگرانکردنی خەڵك و، بەردبارانیان كردن؛ دەبێت پێشمەرگە بەرگری لەو شوێنانە بكات و، نەهێڵێت میلیشاكان بێنە ژوورەوە."
دەربارەی ئەگەری ڕێخۆشکەریش بۆیان(عەرەفات کەرەم) ڕوونی کردەوە "هەندێك هێز هەماهەنگییان لەگەڵ دەكەن و، ڕێگایان بۆ خۆش دەكەن بێنە ژوورەوە! ئەمەش جێگای نیگەرانییە، چونكە پێشمەرگە لە جیاتی هەموو جیهان شەڕی داعش دەكات و، بەرگری لە جیهان دەكات، ئیتر پێویست ناكات میلیشیاكان بهێنرێتە ناوچە كوردییەكانەوە؛ خۆ ئەگەر هەماهەنگییەکی ئەمنیە، ئەوە دەبێت ئەو هەماهەنگییە لەگەڵ سوپای عێراقدا بێت نەك لەگەڵ میلیشیا شیعەكاندا، ئاخر میلیشیاكان فاكتەرە بۆ هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ و، شەڕی سونە و شیعە؛ کە میلیشیا سەر بە شیعە بێ، كە دێنە ناوچە كوردییەكان ئەگەر ئەو كوردانە شیعە و سونەی تێدا بێت ئەوە شیعەی كورد مەیلی هەیە بۆ شیعەی عەرەب، ئەو كاتە دەبێتە گرفت لەنێوان كوردی شیعە و سونە، بۆیە نابێت ڕێگایان پێ بدرێت بێنە ناوچە كوردییەكانەوە."
(عەرەفات كەرەم) دەیشڵێت: "مەترسییەكی دیكەی هاتنی میلیشیا شیعەكان ئەوەیە كە سوننەكان پێمان بڵێن ئەوە ڕێككەوتنی كورد و شیعەیە بۆ پاكتاوكردنی سوننەكان! هەقە و دەبێت هەرێمی كوردستان خاكی كوردستان بپارێزێت."
ئەوەشی خستەڕوو (حەشدی شەعبی) وەك بندیوار وایە؛ (عەبادی) بە یەك هەنگاو 50 هەزاری لێ ئاشكرا كردن. بۆیە ئەمە سوپایەكی زیادە و، ئەگەر سوپای عێراق دابمەزرێتەوە، ئەوە پێویستیمان بەئەم جۆرە سوپایانە نابێت."
گوتیشی: "عێراق بەم شێوەیە حوكم ناكرێت؛ ئێستا سوننەكان لە ڕقا، هۆزە چەكدارەكانیان دروست كردووە، دەبێت لەسەر بنەمای نیشتمانی سوپای عێراق دابمەزرێتەوە. ئەمەریكا بە ملیار دۆلاری خەرج كرد بۆ ئەوەی سوپای عێراق دروست بكات، بەڵام بینیمان لە مووسڵ، چەند سەعاتێکیش بەرگەی نەگرت و داڕووخا؛ ئەوەتانێ وەزیری بەرگریی عێراق دەڵێت (كە پێشمەرگە بە سوپای ئەمەریكا دەڵێت فڵانە شوێن بکوتێت، یەكسەر دەیکوتێت، بەڵام كە ئێمە داوا دەكەین نایکات و ئاستەنگە)، من دەڵێم هۆكارەكەی ئەوەیە كە ئەمەریكا دەزانێت ئەم سوپایە سوپایەكی یەكگرتوو نییە و، میلیشیایە؛ ئەمانەش لە ڕووی سەربازیەوە پێشینیەكی بەهێز و پلانی بەهێزی سەربازییان نییە تا ئەو هەماهەنگییە لەگەڵ ئاسمانەهێزی ئەمەریكادا دروست بكەن؛ لە هەموو دنیاوە پشگیریی پێشمەرگە دەكەن، چونكە هێزێكی یەكگرتوو و نیزامییە. خۆی دەبێت سوپای عێراق دووبارە دروست بكرێتەوە، چونكە لە سەردەمی مالیكیدا لەسەر بنەمای تایفەگەری دایانمەزراندەوە."




