٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فازڵ بەشارەتی: ھیچ لایەنێک بە ڕێککەوتنەکەی یەکێتی و گۆڕان لەسەر ھەڵەبجە، ڕازی نییە

سەرچاوە: KDP.info

ھەڵەبجە-KDP.info-  بەرپرسی لقی 12ی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، بڕیارە یەکشەممەی دادێ، لایەنە سیاسییەکانی ھەڵەبجە لەسەر ڕێککەوتنەکەی گۆران و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کۆ ببنەوە؛ کە ڕای ئەوانیشیان زانی، ئەوکات ئەوانیش ھەڵوێستی خۆیان ڕادەگەینین.

بەرپرسی لقی 12ـی پارتیی دیموکراتی کوردستان (فازڵ بەشارەتی) بە kdp.infoـی ڕاگەیاند: "ڕۆژی یەکشەممەی دادێ بۆ بەدوداچوون بۆ ئەو ڕێککەوتنەی گۆڕان و یەکێتی، کۆ دەبینەوە؛ ئەوان پۆستەکانی سلێمانی و ھەڵەبجەیان تێکەڵ کردووە؛ دەمانەوێ ڕای ئەو دوو لایەنەیش وەربگرین، کە چۆناوچۆن بەبێ گەڕانەوە بۆ تەوافوقەی جاران لەسەر ھەڵەبجە، ئەو بڕیارەیان داوە."

   بەرپرسی لقی 12ی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی: "لە ڕووی قانوونییەوە ھیچ لایەنێک بۆی نییە بەبێ سازان (تەوافق) پۆستەکان دابەش بکات."

  (بەشارەتی) ڕوونیشی کردەوە کە جارێ با بزانین ئەوان پاشگەز دەبنەوە یاخود سوورن لەسەر بڕیارەکەیان، ئینجا ئێمەش ھەڵوێستی خۆمان ڕادەگەینین.

   (بەشارەتی) زیاتر گوتی، "ھەر پۆستێک لە ئاست و قەبارەی پارتیی دیموکراتی کوردستاندا نەبێت ئێمە وەری‌ناگرین. ئەو دوو لایەنە بۆ ئەوەی لە سلێمانی ڕێک بکەون، پۆستەکانی ھەڵەبجەشیان تێکەڵ کردووە؛ هیچ لایەنێکیش لەگەڵ ئەوەدا نییە تایبەتمەندیی ھەڵەبجە تێکەڵ بە سلێمانی بکرێت، چونکە بە قانوون، تایبەتمەندیی خۆی ھەیە و وەکو خۆی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت؛ لە دەرەوەی ھەڵەبجە و خەڵکەکەی بڕیار لەبارەی چارەنووسی ھەڵەبجە دراوە، بۆیە ھەموو لایەنەکان ئەو ڕێککەوتنە ڕەت دەکەنەوە.

   بڕیارە کۆبوونەوەی ئەم جارەی لایەنە سیاسییەکانی ھەڵەبجە لە بارەگای لقی 12ـی پارتیی دیموکراتی کوردستان لەو پارێزگایەدا بە ڕێوە بچێت.

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار