حکوومەتی ھەرێم بڕیاری دا ھێڵی ئەنتەرنێت تەنها لە ناوخۆی ھەرێمدا کار بکات

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری داوە، خزمەتگوزاریی ئەنتەرنێت تەنیا بۆ ناو ھەرێمی کوردستان کار بکات و، لە دەرەوەی ھەرێمدا کار نەکات.
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەوگەیاندنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان (ئومێد محەمەدساڵح) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کورستانـی ڕاگەیاند: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری داوە کە ھێڵەکانی ئەنتەرنێت هەر لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستاندا کار بکات و لە ناوچەکانی دیکەدا کار نەکات؛ بۆ ئەو مەبەستەش ئەمڕۆ وەزیری گواستنەوە و گەیاندن بە وەکالەت، نووسراوێکی ئیمزا کردووە و، ڕەوانەی کۆمپانیاکان مۆڵەتدارەکانی ھێڵی ئەنتەرنێتی دەکەن بۆ ئەوەی ھێڵەکانی ئەنتەرنێت لە دەرەوەی ھەرێمدا کار نەکەن."
(ئومێد محەممەد ساڵح) گوتیشی: "ڕەنگە تا یەک دوو ڕۆژی دی ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت."
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕوونی کردەوە، بڕیارەکە هەر بۆ ھێڵەکانی ئەنتەرنێتە و، ھێڵی تەلەفۆن ناگرێتەوە، ھەرچەندە داعش خۆی ھێڵی تەلەفۆنی ئەو ناوچانەیان بڕیوە کە داگیریان کردوونە.
بەپێی زانیاریەکانیش ئەو بڕیارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەیە کە داعش لە ناوچە داگیرکراوەکاندا دەستیان بە ھێڵی ئەنتەرنێتی کوردستان ڕانەگات؛ خۆی ئەو هێڵبڕینە جۆرە گەمارۆدانێکیشە.
بڵند ئیبراھیم




