٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دەستەی مافی مرۆڤ: ئەشکەنجە و زیندانی نهێنی لە هەرێمی کوردستاندا نین

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-  گوتەبێژی دەستەی مافی مرۆڤ لە ھەرێمی کوردستان رەتی دەکاتەوە زیندانی نەھێنی لە ھەرێمی کوردستاندا ھەبێت و دەشڵێت، بەھۆی کرانەوەی ھەرێم بە ڕووی وڵاتانی پێشکەوتوودا، رەوشی مافی مرۆڤ ساڵ بە ساڵ بەرەوپێشتر دەچێت.

گوتەبێژی دەستەی مافی مرۆڤ لە ھەرێمی کوردستان(محەممەد گۆمەشینی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "جێگەی خۆشحاڵییە ساڵ بە ساڵ رەوشی مافی مرۆڤ لە ھەرێمی کوردستاندا بەرەو باشتر دەچێت، ئەمەیش بەھۆی کرانەوەی ھەرێمی کوردستانە بە ڕووی وڵاتانی پێشکەوتوو و ئاشنابوونی گۆمەڵگایە بە بنەماکانی مافی مرۆڤ، ھەموو ئەمانە کاریگەریی راستەوخۆیان ھەبووە بۆ بەرەوپێشچوونی رەوشی مافی مرۆڤ لە ھەرێمی کوردستاندا."

(گۆمەشینی) گوتیشی، "ناتوانین بڵێین 100% ھەموو قۆناخەکانمان بریون، ئەڵبەت ھەندێک کەموکوڕی ماون، لە بەندیخانەکان و مامەڵەی دەستگا ئەمنییەکان لەگەڵ رۆژنامەنووساندا، ئەمەش کەمە و زۆر نییە."

گوتەبێژی دەستەی مافی مرۆڤ لە ھەرێمی کوردستان ڕەتی دایەوە کە ھیچ بەڵگەیەک هەبێ و بسەلمێنێت زیندانی نەھێنی لە ھەرێمی کوردستاندا ھەبێ، جەختیشی کردەوە "ئەوەی دەزانێ زایندانی نهێنی ھەیە با بە ئێمە بڵێت شوێنەکەی لە کوێیە و ئێمە وەک دەستەی مافی ھیچ ھێڵێکی سوورمان نییە و دەتوانین سەردانی ھەموو شوێنێک بکەین."

سەبارەت ئەشکەنجەدانیش (گۆمەشینی) گوتی، "ئەگەر لە رابردوویش ئەوە ھەبووبێت لە ئێستادا بەرەو نەمان دەچێت و ئەگەر ھەیشبێت، رەنگە بە ھۆی بێئەزموونیی ستافی ئەو شوێنە بێت ئەگینا نییە."

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار