پارتی و پارتیی فەرمانڕانی ئەڵمانیا خەختیان لە پتەوترکردنی پێوەندییەکانیان کردەوە

ئەڵمانیا-KDP.info- شاندێکی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ پارتیی یەکیەتیی کریستیانی فەرمانڕانی ئەڵمانیا CDUـدا، پرسی هاوکاریی زیاتری مرۆیی و سەربازی و چەکی قورس و تانک و هێلیکۆپتەری ئەپاچی، بۆ هەرێمی کوردستان خستووەتە بەر باس و جەختیشیان لە پتەوترکردنی پێوەندییە دووقۆڵییەکانیان کردووەتەوە.
لەسەر داوای پارتیی یەکیەتیی کریستیانی فەرمانڕانی ئەڵمانیا CDU و بەداوەتنامەی فەرمی، شاندێکی پارتیی دیموکراتی کوردستان بەشداری لەو کۆنگرەیەدا کرد کە، پارتیی فەرمانڕانی ئەڵمانیا سازی دا.
بۆ بەشداریکردنی لەو کۆنگرەیەیش هەریەک لە (شیلان دۆسکی) و (حوسام خوشکانی) بە نوینەرایەتیی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی بەشداری کۆنگرەکەیان کرد.
لەو سەردانەیاندا بۆ ئەڵمانیا شاندی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتیی دیموکراتی کوردستان زنجیرەیەک کۆبوونەوەی دووقۆڵیان لەگەڵ CDU و پەرلەمانتارەکانیان و پارتییە بەشداربووەکانی دیکەدا ئەنجام دا.
هەر لەم سەردانەدا شاندی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی، دوێنێ لەگەڵ (دکتۆر ئاندریس شوکینهۆف)ـی ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا و جێگری سەرۆکی CSU–CDU کۆمەڵەی پەرلەمانتاران و (رۆدریگ کایسویتەر)ـی ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا و ئەندامی لیژنەی کاروباری دەرەوە (ز نۆکتس برنگ) سەرۆکی بەشی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و لە دەزگای کۆنارد ئەدینۆردا کۆ بوونەوە.
ئەندامی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتیی دیموکراتی کوردستان (شیلان دۆسکی) ئاماژەی دا، کە لە کۆبوونەوەکاندا سوپاسی هاوکارییە سەربازی و مرۆیییەکانی ئەڵمانیای کرد کە لە شەڕی دژی داعشدا پێشکەش بە هەرێمی کوردستانیان کردووە .
(شیلان دۆسکی) گوتیشی، سوپاسی پارتیی یەکیەتیی کریستیانی فەرمانڕانی ئەڵمانیای کردووە بۆ بانگهێشتکردنیان بۆ گۆنگرەکەیان و پیرۆزباییشان لێ کردن بۆ سەرکەوتنی (ئەنگێلا مێرکڵ) بۆ جارێکی دیکە کە کاندیدکرابوو وەکو سەرۆکی پارتییەکەیان.
(دۆسکی) گوتیشی، لە کۆبوونەوەکەدا قسەیشیان لەسەر پتەوترکردنی پێوەندییەکانی نێوان پارتیی دیموکراتی کوردستان و یەکیتی کریستیانی ئەڵمانیا کردووە.
هەر لە کۆبوونەوەکەیشدا باس لە ئاڵوگۆڕکردنی شاندەکانی نێوان هەردووها لە سەر ئاستی هەرێمی و هاوکاریی زیاتری مرۆیی و سەربازی و چەکی قورس و تانک و هێلیکۆپتەری ئەپاچی کراوە.
شیاوی باسە، پارتیی دیموکراتی کوردستان، تاکە حیزبی سیاسیی هەرچوارپارچەی کوردستانە کە بانگهێشتی ئەم کۆنگرەیە کراوە.
سان دەرەقیسەری




