زانیاریی نوێ دەربارەی ئەو فڕۆكە رووسیاییەی ویستی لە فڕگەی سلێمانی بنیشێت

هەولێر-KDP.info- بڕیاردەری لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای كرد، بە گوێرەی لێكۆڵینەوە لەو فڕۆكە ڕوسیاییەی كە لە سلێمانی رێگەی نیشتنەوەی پێ نەدرا، دەركەوتووە كە ئەو بازرگانەی لە رێگەی فڕۆكەكەوە باری چەكی هێنا بوو، دوو گرێبەستی لە مانگی نیسانی 2014 بە ئاگاداریی (مالیكی) لەگەڵ وەزارەتی بەرگری كردوون، گرێبەستەكانیش بەهایان 106 ملیۆن دۆلارە.
بڕیاردەری لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (شاخەوان عەبدوڵڵا)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، دوو گرێبەست لە سەردەمی (مالیكی)ـدا كراون و چەكەكانیش دیارنین. گوتیشی، "بەگوێرەی لێكۆڵینەوە لەو فڕۆكە ڕوسیاییەی كە لە سلێمانی رێگەی نیشتنەوەی پێ نەدرا، دەركەوتووە كە ئەو بازرگانەی لە رێگەی فڕۆكەكەوە باری چەكی هێنا بوو، دوو گرێبەستی لە مانگی نیسانی 2014 بە ئاگاداریی (مالیكی) لەگەڵ وەزارەتی بەرگری كردوون، گرێبەستەكانیش بەهایان 106 ملیۆن دۆلارە".
(شاخەوان عەبدوڵڵا) ئاماژەیشی دا كە، "گرێبەستەكە و لیستەكانمان لایە پڕن لە گەندەڵی، گرێبەستەكە كراوە و هیچ چەك و تەقەمەنییەكیش دیار نییە و هیچ زەمانەتێكیش لە بانك بۆ ئەم گرێبەستانە دانەندراوە".
دوای ئەوەی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق لە 15-11-2014 دەستی بە لێكۆڵینەوە كرد لەسەر ئەو فڕۆكە رووسیاییەی كە باری چەكی پێ بوو و رێگە نەدرا لە فڕۆكەخانەی سلێمانی بنیشێتەوە، بڕیاردەری لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ڕوونیشی كردەوە، فڕۆكەكە گەڕایەوە شوێنی خۆی بۆ رووسیا، بارەكەی دەستی بەسەردا گیراوە كە نزیكەی 40 تۆن چەك بوو.
بڕیاردەری لیژنەی ئاساییش و بەرگری ئەوەیشی خستە ڕوو كە، "ئەو گرێبەستانەی لە سەردەمی (مالیكی)ـدا كراون، لەگەڵ بازرگانێكی عێراقییە كە رەگەزنامەی عێراقی و بولگاریایی هەیە و تاوەكو ئێستا نەمانتوانیوە بیبینین".
یەحیا سابیر




