٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هیندستان كۆنسووڵخانە لە هەولێر دەكاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- نێردەی تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی هیندستان بۆ كاروباری هاووڵاتیانی هیند لە عێراق  و هەرێمی كوردستان باڵیۆز (سەنجای رەنا) رایگەیاند، وڵاتەكەی كۆنسووڵی گشتیی لە هەرێمی كوردستاندا دەكاتەوە. جەختیشی لە پتەوكردنی پێوەندییەكانی نێوان هەرێم و هیندستان پێوەست بە بواری ئابووری و پێوەندی دیپلۆماسی و دابینكردنی كورسیی خوێندن بۆ قوتابیانی هەرێم لە وڵاتەكەیدا كردەوە.

ئەمڕۆ نێردەی تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی هیندستان بۆ كاروباری هاووڵاتیانی هیند لە عێراق و هەرێمی كوردستان باڵیۆز (سەنجای رەنا)  لە هەولێر رایگەیاند، وڵاتەكەی كۆنسووڵی گشتیی لە هەرێمی كوردستاندا دەكاتەوە.
ئەم گوتەیەی باڵیۆز (سەنجای رەنا) لە میانی دیدارێكیدا هات كە لە فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەت لەلایەن جێگری سەرۆكی فەرمانگە (كاروان جەمال)ـەوە پێشوازی لێ كرا. باڵیۆز (سەنجای رەنا) خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان دەربڕی و ستاییشی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ پێشكەشكردنی ئەو هاوكاری و كارئاسانیانە بۆ كردنەوەی كۆنسووڵی گشتیی هیندستان لە هەرێمی كوردستان. ئاماژەیشی بە مەبەستی سەردانەكەی بۆ هەرێم كرد كە ئەویش گرتنەبەری ئەو ڕێكارە یاساییانەیە بۆ كردنەوەی كۆنسووڵی گشتیی وڵاتەكەی لە پایتەختی هەرێم و برەودان بە پەیوەندییە دیپلۆماسی و بازرگانییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان. بۆ ئەم مەبەستە، هەرێمی كوردستانی بە ناوچەیەكی لەبار ناو برد بۆ بانگهێشتكردنی كۆمپانیا هیندییەكان و ئەنجامدانی كاری وەبەرهێنان تێیدا. 
پاشان، لە تەوەرەیەكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، نێردەی وڵاتی هیندستان ئاماژەی بە هێرشەكانی ئەم دواییەی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش بۆ سەر عێراق و ناوچە كرد كە تێیدا ژمارەیەك هاووڵاتی هیندی لەلایەن ڕێكخراوی ناوبراوەوە دەستگیر كران. هاوكات، ستایشی هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێم و دەزگا ئاساییشییەكانی هەرێمی كرد كە بە هەماهەنگیی سوپای عێراق توانییان ژمارەیەك پەرستاری هیندی لە ناوەڕاستی عێراق ڕزگار بكەن و پاشان گواستنەوەیان بۆ هەرێمی كوردستان.
لە دواییدا هەریەك لە پرسەكانی كرێكارانی هیندی و كۆمپانیا هیندییەكان  لە هەرێمی كوردستان و پێوەندییە بازرگانی و ئابوورییەكان و دابینكردنی كورسیی خوێندن بۆ قوتابیانی كورد لە زانكۆكانی هیندستان،  تەوەرەیەكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.

هەواڵی پەیوەندیدار