جەلەولا.. 300 بۆمبی چێنراو پووچەڵ كراونەتەوە..چوار بارەگای میلیشیای شیعەی لێیە

جەلەولا-KDP.info- جێگری لیوای 5-ی پێشمەرگە (عەمید عوسمان) لە سنووری سەعدییە و جەلەولاوە رایگەیاند كە، تا ئێستا لە سنووری ناحیەی جەلەولا 300 بۆمبی چێنرا و پوچەڵكراوەتەوە و، هێزە میلیشیاكانی شیعەیش لە نێو ناحیەی جەلەولا چوار بارەگایان هەیە.
جێگری لیوای 5-ی پێشمەرگە (عەمید عوسمان) لە سنووری سەعدییە و جەلەولاوە بە ماڵپەڕی فەرمی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، شارۆچكەی جەلەولا كە ماوەی چەندین مانگ لە ژێر دەست تیرۆریستانی داعشدا بوو، لەبەر ئەوەی تیرۆرستان هیچیان لە دەست نایەت و خۆیان لەبەر هێرشی هێزەكانی پێشمەرگە ناگرن، بۆیە دەست دەكەن بە مینڕێژكردنی هەر شوێنێك كە بۆی بچن، تا ئێستایش زیاتر لە 300 بۆمبی چێنراو لەو سنوورە پووچەڵ كراونەتەوە و پرۆسەكەیش بەردەوامە.
عەمید (عوسمان) گوتیشی، میلیشیاكان ئێستا لە نێو ناحیەی جەلەولا بوونیان هەیە و چوار بارەگایان هەن، هەرچەندە ئەو ناوچەیە ئارامە، بەڵام دزی و تاوان بەردەوامە و بە ئاشكرا دەچن بۆ دوكانەكان كەلوپەل بار دەكەن و دەیبەن.
دەربارەی ناحیەی سەعدییەیش، جێگری لیوای 5-ی پێشمەرگە زیاتر گوتی، هیچ زانیارییەكم لەبارەی سەعدییەوە نییە لەبەر ئەوەی ملیشیا شیعەكان و سوپای عێراقی گشت شەقامەكانیان داخستوون و ناهێڵن ئەوەی كورد بێت یاخود پێشمەرگە بێت، بچێتە ناو ئەو شارۆچكەیەوە.
ناحیەی جەلەولا و سەعدییە 8 كم لە یەكدییەوە دوورن و لە رووی كارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای دیالەن كە رۆژی 23-ی مانگی رابردوو لە تیرۆریستانی داعش پاك كرانەوە.
نەشوان بەرزنجی




