٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كۆمەڵەی خێری لوبنانی، لە رێی دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە کۆمەکی گەیاندە ئاوارەكان

سەرچاوە: KDP.info

 هەولێر-KDP.info- بە مەبەستی هاوكاریكردنی پەنابەران و كڕینی پێداویستی بۆیان، شاندێكی كۆمەڵەی خێری لوبنانی بڕی 44 هەزار و 948 دۆلاریان لە رێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە بۆ ئاوارەكان خەرج كرد.

ئەمڕۆ بە مەبەستی پەرەپێدان بە كاری هاوبەش و خێرخوازیی لە هەرێمی كوردستاندا، بە تایبەتی بۆ خێزانە پەنابەرەكان، شاندێكی كۆمەڵەی خێری لوبنانی سەردانی بارەگای دەزگای خێرخوازیی بارزانییان كرد و لەلایەن جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی (مووسا ئەحمەد)ـەوە پێشوازییەكی گەرمیان لێ كرا.

لە دیدارێكی نێوانیاندا هەردوولا تیشكیان خستە سەر هەوڵەكانیان بۆ باشتركردنی بار و گوزەرانی پەنابەران لە هەرێمی كوردستان، بە تایبەتی لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و سەرمادا كە پەنابەران پێویستییەكی زۆریان بە سووتەمەنی و جلوبەرگ و دابینكردنی پێداویستیی دیكە هەیە. لەبەرانبەردا شاندی میوان بە مەبەستی هاوكاریكردنی پەنابەران و كڕینی پێداویستی بۆیان، بڕی (44.948) دۆلاریان لە رێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە بەخشییە ئاوارەكان.

لە بەرانبەردا جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی (مووسا ئەحمەد)، سوپاسی كۆمەڵەی خێری لوبنانی كرد و ئومێدی خواست رێكخراوەكانی دیكەیش بە هەمان شێوە دەستی هاریكاری و كۆمەكیان بگەیەننە پەنابەران لە هەرێمی كوردستان، هەروەها ئامادەیی دەزگای خێرخوازیی بارزانیی پیشان دا بۆ ئەنجامدانی كاری هاوبەش لە پێناو خزمەتكردنی زیاتری پەنابەران لە كەمپەكاندا.
 

هەواڵی پەیوەندیدار