ئەكرەم ساڵح: بەدوور نازانرێت رەفتاری میلیشیاكان كێشەی گەورەی لێ بكەوێتەوە

گەرمیان-KDP.info- بەرپرسی لقی 22-ی پارتی لە گەرمیان (ئەكرەم ساڵح) ڕایدەگەیاند، میلیشیاكان هیچ گوێ نادەنە یاسا و رێسا و هێزی فرەڕەنگ و هەمەجۆرن و یەك فەرماندەیان نییە تا مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت، بۆیە هەر كامێكیان بە ئارەزووی خۆی دەجووڵێنەوە و چییان بەدڵ بێت دەیكەن. دەشڵێت، هەقە لەو ناوچانەی كوردنشینن بە جەلەولایشەوە، ئیتر نەهێڵن ئەو میلیشیایانە بە ئارەزووی خۆیان بسووڕێنەوە، ئەگینا دوور نییە كێشەی زۆر گەورەی لێ بكەوێتەوە.
بەرپرسی لقی 22-ی پارتی لە گەرمیان (ئەكرەم ساڵح)، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گووت، پێش ئازادكردنی جەلەولایش، میلیشیا شیعەكان هاتوونەتە دەڤەری گەرمیان بە تایبەتی ناوچەی سلێمان بەگ و ئامرلی و دووزخورماتوو، لە دوای رزگاركردنی جەلەولایش دەسەڵاتی ناوچەكە هامەهەنگی لەگەڵ ئەو هێزانە كردووە، بۆیە ئێستا لە قەرەتەپە و جەلەولا زۆر زیادیان كردووە، سەعدییەیش بە تەواوەتی بە دەستی ئەوانەوەیە.
گوتیشی، ئەو هێزانەی كە هاتوونەتە ناوچەكە، بوونەتە جێگای نیگەرانیی خەڵكەكە، چونكە هیچ گوێ نادەنە یاسا و رێسا و هێزی فرەڕەنگ و هەمەجۆرن و یەك فەرماندەیان نییە تا مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت. لەوانە (كەتائیبی خۆراسان، میلیشیاكانی بەدر و حەشدی شەعب)، بۆیە هەر كامێكیان بە ئارەزووی خۆی دەجووڵێنەوە و چییان بەدڵ بێت، دەیكەن. هەروەها زۆر جاریش لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگەدا دەبێتە كێشەیان، بەتایبەت لەو شوێنانەی پێیان وایە ئازادیان كردوون و هەقی خۆیانە موڵك و ماڵی خەڵك ببەن و كەلوپەلیان تاڵان بكەن.
بەرپرسی لقی 22-ی پارتی لە گەرمیان ئاماژەیشی دا كە، هەموو ئەو شوێنانەی میلیشیا شیعەكانی لێن تاڵان كراون، هەر لە دووكان و ماڵ و خانوو، ئەوەی پێویستیان بێت و نەبێت باری دەكەن و دەیبەن بۆ ناوچەكانی خۆیان، دیارە بە دەسكەوتی شەڕی دەزانن، بۆیە بە بڕوای من میلیشا شیعەكان و تاقمە تیرۆریستەكەی داعش هەر یەكن لەوەدا نەبێ كە، حكوومەت پاڵپشتی میلیشیا شیعەكانە و داعش دژی حكوومەتە، جا خەڵكی گەرمیان ناهەقیان نییە خەمیان بێت با ناوچەكەیش ئازاد كرابێت.
(ئەكرەم ساڵح) ڕوونیشی دەكاتەوە كە، راستە تیرۆریستانی داعش لە ناوچەكە دوور كەوتوونەتەوە و مەترسی لەسەر ناوچەكە نەماوە، بەڵام رەفتاری نابەرپرسانەی میلیشیاكانی شیعە نیگەرانییەكی زۆری بۆ خەڵكی ناوچەكە ناوەتەوە، ئەگەریش لەسەر ئەو شێوازە بەردەوام بن و ناوچەكە بەجێ نەهێڵن، دوور نییە لەگەڵ هێزەی پێشمەرگەدا تووشی كێشە و گرفت ببن.
دەشڵێت، ئەو نیگەرانیانەی میدیاكان و خەڵك بووەتە خەمی ئیدارەی سنوورەكەیش، تەنانەت میلیشیا شیعەكان لەو ناوچانەیشی كە لەسەر هەرێمی كوردستانن، بە ئارەزووی خۆیان كاروانی ئۆتۆمبیل دەخەنە ڕێ و گوێیان لەكەس نییە و، یاسا و رێسای هاتوچۆ بە بای خەیاڵیشیاندا نایەت، ئەمە جگە لەوەی كێشەیان بۆ خەڵكەكەیش ناوەتەوە. ئەگەر كارەكە هەر وا بڕوات دواجار پێشمەرگە لێیان دێتە دەنگ و شەڕ دەقەومێت.
بەرپرسی لقی 22ی گەرمیان باسی چەند گرفتێكی بە نموونە كرد و گوتی، "ماوەیەك لەمەوبەر لە شارۆچكەی كەلار كێشەیان لە قوتابخانەیەكدا نابووەوە و لە مامۆستایەكیان دابوو، لە شارۆچكەی كفرییش دەیانویست بێنە ناو شار و خەڵكەكە بێزار بكەن، بەڵام خەڵك لێنەگەڕابوون و دواجار هەر كێشەی لێ كەوتەوە و پۆلیسێكی هاتوچۆیش بریندار بوو. جا دەبێت حاڵی جەلەولا چۆن بێت كە بە تەواوەتی لە دەستی خۆیاندایە، ئەوان پێیان وایە مادام بەشدار بوون لە ئازادكردنەكە، بەشێكن لە دەسەڵات و دەبێت لە هەموو كارێكدا پرسیان پێ بكەن، كەچی خۆیان پرس بە كەس ناكەن".
گوتیشی كە، ئەگەر هێزی پێشمەرگە ئەگەر مەیلی لێ بێت، چاك دەرەقەتیان دێت، بەڵام نایەوێت لە ئەركە سەرەكییەكەی خۆی داببڕێت و وەك ئەوان لەناو خەڵكەكەدا خۆی ناشیرین بكات، چونكە ئەمانە كۆمەڵێك گرووپی نارێكخراون و سەر بە (هادی عامری)ـن، رەنگیشە كاریگەریی وڵاتێكی ناوچەكەیان لەسەر بێت و بگرە هەر سەر بە ئەوانیش بن. لەبەر ئەوەی هەموویان یەك نین و فەرماندەیەكی یەكگرتوویان نییە. هەر كام لەو میلیشیا شیعانە، بە مەیلی خۆیان دەجووڵێنەوە، یان بە مەیلی ئەو فەرماندە مەیدانییەی لەگەڵیاندایە. خۆی ئەمانە لەبەر ئەوەی هێزێكی یەكگرتوو و رێكخراو نین، مامەڵەكردن لەگەڵیاندا ئاسان نییە، تەنانەت لەگەڵ خۆشیاندا هەڵناكەن.
"هەر لە ئێستاوە خەڵك زۆر نیگەران و دڵگرانن و بە ئاواتەوە بوون داعش لەو ناوچانە دەربكەین، بەڵام كە ئێستا ئەو میلیشیا شیعانە تەراتێنی تێدا دەكەن، خەڵكەكە دڵسارد بوونەتەوە و جیاوازیی داعش و ئەوان ناكەن، جا هەقە لەو ناوچانەی كوردنشینن بە جەلەولایشەوە، ئیتر نەهێڵن ئەو میلیشیایانە بە ئارەزووی خۆیان بسووڕێنەوە، ئەگینا دوور نییە كێشەی زۆر گەورەی لێ بكەوێتەوە." (ئەكرەم ساڵح) وای گووت.




