دڵشاد شەعبان: ئەورووپا چاوی لە غازی هەرێمی كوردستانە

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان و وزە لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، لە 3 ساڵی داهاتوودا كوردستان غاز هەناردەی ئەورووپا دەكات، بەڵام وەكو هەنگاوی یەكەم وێستگەكانی كارەبای ناوخۆ دەكرێنە غاز، پاشان غاز هەناردەی دەرەوە دەكرێت.
جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان و وزە لە پەرلەمانی كوردستان (دڵشاد شەعبان)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، "ئەورووپا نایشارێتەوە كە چاوی لە غازی سرووشتیی هەرێمی كوردستانە، لەم ماوەیەی رابردوویشدا لەگەڵ كۆنسووڵی فەڕەنسا كۆبوونەوەیەكمان هەبووە، كۆنسووڵی فەڕەنسا پێی گوتین ئەورووپا چاویان لە غازی هەرێمی كوردستانە بۆ پڕكردنەوەی پێویستییەكانیان".
(دڵشاد شەعبان) ئاماژەیشی دا كە، "بەپێی ئەو زانیاریانەی لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانەوە دەستم كەوتوون، لە 3 ساڵی داهاتوودا لە رێگەی توركیاوە غاز هەناردەی ئەورووپا دەكرێت، بەڵام وەك هەنگاوی یەكەم وێستگەكانی كارەبای ناوخۆ دەكرێنە غاز، پاشان غاز هەناردەی دەرەوە دەكرێت."
ئەو پەرلەمانتارە جەختیش دەكاتەوە، "هەرێمی كوردستان توانای هەیە لە داهاتوودا 30%-ی پێداویستیی غازی ئەورووپا دابین بكات.
بەپێی خەمڵاندن، هەرێمی كوردستان زیاتر لە (3.6) تریلیۆن مەتر سێجا غازی سرووشتیی یەدەگی هەیە.
چاودێران پێیان وایە، غازی هەرێمی كوردستان ئێستا بووەتە جێی چاوتێبڕینی ئەورووپاییەكان و دەیانەوێت لە رێگەی توركیاوە غازی كوردستان بكڕن، ئەویش وەكو جێگرەوەی غازی ڕووسیا بۆ ئەورووپا.
رێكخراوی دۆر بۆ زانیاریی نەوتی، لە راپۆرتێكدا كە لە مانگی رابردوودا بڵاوی كردەوە ئاشكرای كرد، "ساڵی 2017 هەناردەی غازی سرووشتیی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی توركیاوە دەنێردرێتە دەرەوە و سەرەتا (55) ملیۆن پێ سێجا و دواتر بۆ (120) ملیۆن پێی سێجا بەرز دەبێتەوە تا دەگاتە (200) ملیۆن پێ سێجا."
یەحیا سابیر




