پڕۆژەبڕیارەکەی پەرلەمان، 200 هەزار دینار دەخاتە سەر مووچەی پێشمەرگە

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، بەپێی پڕۆژەبڕیارەێك كە لە پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە، هەر كاتێك پەسەند بكرێت مووچەی هێزی پێشمەرگە 200 هەزار دینار زیاد دەكرێت تا ئەو كاتەی قەیرانی دارایی چارە دەبێت.
سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان (ئاری هەرسین)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، پێشتر پەرلەمانی كوردستان 21 بڕیاری لەبارەی پێشمەرگەوە دەركردوون، بەڵام لەبەر ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە قەیرانی داراییدابوو، نەتوانراوە ئەو بڕیارانە جێبەجێ بكرێن، بۆیە لە ئێستادا پڕۆژەبڕیاری باشتركردنی بژێویی پێشمەرگە پێشكەش كراوە و دوێنێ خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە.
سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان گوتیشی، مەبەست لە ئەو پڕۆژەبڕیارە ئەوەیە، تا قەیرانی دارایی چارە دەكرێت، ئەو ڕێچارە مامناوەندە بۆ باشتركردنی بژێویی پێشمەرگە جێبەجێ بكرێت، چونكە بەپێی ئەو پڕۆژەبڕیارە مووچەی هێزی پێشمەر دەكرێتە 700 هەزار دینار كە 200 هەزار دینار بۆ سەر مووچەكەیان زیاد دەكرێت و وەزارەتی پێشمەرگەیش توانای هەیە لە ئێستادا ئەو كارە بكات، بە تایبەت دوای ئەو ملیار دۆلارەی بڕیارە بەغدا بۆ هەرێمی رەوانە بكات.
(هەرسین) ڕوونیشی كردەوە، لە ئێستادا تەنیا خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە و هەر كاتێك ئەو پڕۆژەبڕیارە پەسەند بكرێت، پێویستە حكوومەت جێبەجێی بكات.
ئاماژەیشی دا كە، ئەمە چارەیێكی مامناوەندە تا ئەو كاتەی قەیرانی دارایی چارە دەبێت ئەو پڕۆژە بڕیارە هەڵدەوەشێتەوە و حكوومەت 21 بڕیارەكە جێبەجێ دەكات كە مووچەی هێزی پێشمەرگە، هاوتای هێزی ئاساییش و ناوخۆی هەرێمی لێ دەكرێت و دەرماڵەی مەترسییشیان بۆ خەرج دەكرێت.
بڵند ئیبراهیم




