پارتی، دژ بە پێکهێنانی میلیشیایە لە كەركووک.. ناسەقامگیری بەدواوەیە

كەركووك-KDP.info- دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی پڕچەككردنی هەردوو پێكهاتەی عەرەب و توركمان لە سنووری پارێزگای كەركووك، گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك-گەرمیانی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، "وەك پارتی دژ بە دروستكردنی هێزی میلیشیاین و هەر كەسێك بیەوێت چەك هەڵگرێت، دەتوانێ بێتە ریزەكانی هێزی پێشمەرگەوە، چونكە رێگری لە هیچ كەسێك نەكراوە و لە ئێستادا سنووری ناوچەكە بە بێ جیاوازی دەپارێزن."
گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك -گەرمیانی پارتیی دیموكراتی كوردستان (عەدنان كەركووكی)، بە KDP.INFOـی راگەیاند، "ئێمە وەكو پارتیی دیموكراتی كوردستان بە هەموو شێویەك دژی دروستكردنی هێزی میلیشیاین لە سنووری كەركووك، چونكە لە ئێستادا هێزی پێشمەرگە ئەو ناوچانە دەپارێزێت و هەر كەسێك بیەوێت چەك هەڵبگرێت، دەتوانێ بچێتە ریزەكانی هێزی پێشمەرگە و رێگری لە هیچ كەسێك نەكراوە".
(عەدنان كەركووكی) گوتیشی، لەئێستادا كار بۆ دروستكردنی هێزێكی سوننە لە مووسڵ، تكریت و چەند ناوچەیەكی دیكە دەكرێت، بەڵام ئەوەی هەندێك لە توركمانەكان باسی لێوە دەكەن راست نییە، چونكە توركمانەكان دابەش بوون بەسەر سوننە و شیعەدا، بۆیە ئەوەی دەگوترێت زیاتر موزایەدەی سیاسییە، ئەگەرنا ئێستا هێزێكی رێكخراو لە كەركووك هەیە كە پێشمەرگەیە و هەموو سنورەكانی كەركووك دەپارێزێت و هیچ جیاوازییەكی لە نێوان پێكهاتە و ئایینەكاندا نەكردووە.
زیاتر گوتی، دروستبوونی هێزی میلیشیا دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی باری ئاساییشی ناوچەكە.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك - گەرمیانی پارتیی دیموكراتی كوردستان ڕوونیشی كردەوە، ئەگەر هەر پێكهاتەیە و میلیشیا بۆ خۆی دروست بكات، ئەو كاتە هیچ دەستەڵاتێك بۆ یاسا نامێنێتەوە، بۆ نموونە ئەوەی ئێستا میلیشیا شیعەكان لە جەلەولا و سەعدییە تاڵانی ماڵ و دوكانەكان دەكەن، داعش نەیكردووە و ئەگەر ناوچەكانی دیكەیش ئازاد بكرێن بە هەمان شێوەی لێ دەكەن، بۆیە ئەوكات سەقامگیرییش نامێنێت.
لە كۆتایی لێدوانەكەیشیدا گوتی، "ناكرێت هەر كەسێك لیوایەك پێک بێنێت، ئەڵبەت ئێمە وەك پارتیی دیموكراتی كوردستان بە هەموو شێوەیەك دژی ئەوەین، چونكە ئەمە جاشایەتیی جارانە، ئێستا لە كەركووك ئەمە دیاردەیەکی بڵاوە و هەر یەكە و چەند كەسێك دەداتە دوای خۆیەوە كە وەك جاشایەتیی جارانە".
بڵند ئیبراهیم




