ئەزهەر فەتوای دا تیرۆریستان لە وڵاتانی ئیسلامی وەدەر بنرێن

هەولێر -KDP.info- لە پێویستیی بەرەنگاربوونەوەی داعش و وەدەرنایان لە وڵاتانی ئیسلامی، ئەزهەر فەتوای دا ئەگەر بە کوشتنیشیان ئەو کارە تەواو دەبێ، ئەوا بیکەن.
لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی توندڕۆیی و تیرۆردا، ئەزهەر لە دواکۆنگرەی خۆیدا بابەتی بەرپەرچدانەوە هێناوەتە بەر باس و، لەوێ باسی هەڵوێستی شەرعیانە بەرانبەر بە گرووپە تیرۆریستەکان کراوە. لەو نێوەدا ئەزهەر بەوە گەییشت کە ڕێ بدات، ئەو تیرۆریستانە لە وڵاتانی ئیسلامی وەدەر بنێرن با بە کوشتنیشیان بووبێت.
ئەزهەر هاوکات ئەو کەڵکەڵەیەی ئیسلامییەکانی لە گێڕانەوەی خەلافەتی ئیسلام بێمانا دەزانێت و، ڕەتی دەکاتەوە، ئاخر پێی وایە ئەمە خەیاڵە و، لەگەڵ واقیعدا ناگونجێت.
ئەزهەر لەژێر ناوی (خەواریج)ـەکان لە هەڵوێستی شەرعیی گرووپە تیرۆریستەکانیشی کۆڵیوەتەوە کە کاریان لەسەر کردەی توندڕۆییە و، مل بە فەرمانەکانی (وەلیئەمر) نادەن. لێتوێژینەوەکەی ئەزهەر جەختیش دەکاتەوە کە، هەندێ تاقم بڕوایان بەو دەقانە نییە کە پارێزگاری لە یەکیەتیی ئۆمەتی ئیسلامیان بە لاوە گرینگە، ئەمەیشیان لەپێناو دەستەڵاتدایە، ئایینیش دەکەن بە شوورەیەک بۆ ئەوەی تۆمەتیان نەیەتەوە سەر، ڕاستییەکانیش دەشارنەوە، ئەمانەیش لە دێرزەمانەوە هەن.
زریان زیاد




