٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

كاندیدی سەرۆكی ئەمەریكا بۆKDP.info: دوو بنەما نوێیەكەی سیاسەتی ئەمەریكای بۆ رۆژهەڵاتی ناوین ئاشكرا كرد

سەرچاوە: KDP.info
كاندیدی پارتیی كۆماری بۆ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە ساڵی 2016 سیناتۆر (د.رێند پاڵ)

واشنتن-KDP.info-  یەكێك لە دیارترین كاندیدی پارتیی كۆماری بۆ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە ساڵی 2016 سیناتۆر (د.رێند پاڵ)ـە، ئەو تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان دوا و، پێوەست بە سیاسەتی نوێی وڵاتەكەی لە رۆژهەڵاتی ناوین چەندین هۆشداریی راگەیاند. دواتریش بە دوو بنەمای سەرەكی، سیاسەتی نوێی وڵاتەكەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوین شی دەكاتەوە و پێوەست بە بڕیارەكانی (سەرۆك ئۆباما)-یش رەخنەی هەیە كە پرۆسەی سەربازی لە دژی داعش لە عێراق و سووریا بە سیاسەتێكی هەڵە ناو دەبات. لە تەوەرێكی دیكەیشدا دێتە سەر قۆناخی چارەكردنی كێشەكان لە رۆژهەڵاتی ناوین و دژی پڕچەككردنی گرووپەكانی سووریایشە، چونكە لە داهاتوودا بە جێگەی مەترسی دەزانێت كە ئەو گرووپانە جارێكی دی ئەو چەكانە لە دژی ئەمەریكا و هاوپەیمانانی لە رۆژهەڵاتی ناوین بەكار بهێننەوە.

لە دەستپێكدا ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان ویستی سیاسەتی نوێی ئەمەریكا لە زاری ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا سیناتۆر (رێند پاڵ) پێوەست بە هەرێمی كوردستان و رۆژهەڵاتی ناوین بزانێت، بەڵام سیناتۆر (رێند پاڵ) تەنیا پێوەست بە رۆژهەڵاتی ناوین، سووریا، عێراق و چارەكردنی كێشەكان و رەخنەگرتن لە بڕیارێكی (ئۆباما) بۆ پڕچەككردنی گرووپێك لە سووریا وەڵامی هەبوو. جگە لەمەیش ئاماژەی بە چەند تەوەرێكی هەستیار كرد كە، پێویستە ئەمەریكا رێگەچارەی بۆ هەبێت.


وەك دەزانرێت كە (رێند پاڵ) یەكێك لە بەرهەڵستكارە دیارەكانی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئێستای ئەمەریكا (باراك ئۆباما)-یە، چونكە بەردەوام رەخنەی لێ دەگرێت، بەڵام لە هەمان كاتیشدا (رێند پاڵ) لە نێو شەقامی ئەمەریكا خاوەن پێگە و جەماوەرێكی زۆرە و بەوە ناسراوە كە، بۆ هەر هەنگاوێك پشت بە دەستوور دەبەستێت و هەمیشە زوومی وشەكانیشی وەك دەربڕینێك بۆ پارێزگاریكردن لە سیاسەتی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوین و هاوپەیمانەكانیەتی.


لە دەستپێكی لێدوانەكەی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند كە، "سوپاستان دەكەم بۆ پرسێكی گرینگی پێوەست بە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوین پێوەندیتان پێوە كردم و بۆچوونی منتان لەو بارەوە بەلاوە گرینگە". دواتریش (رێند پاڵ) یەكڕاست گوتی، "من وام بینیوە كە پێكدادان و بارگرژی لە تێكڕای رۆژهەڵاتی ناوین لەكاتی هێرشی تیرۆریستان بۆ سەر دیپلۆماتكارانی ئەمەریكا لە لیبیا و گەشەكردنی خێرای رێكخراوی تیرۆریستیی ناسراو بە دەوڵەتی ئیسلامی یان "داعش"، دەستی پێ كرد. بینیم ناوچەكە كێبڕكێیەكی زێدەرۆی لە شێوازێك بۆ شێوازێكی دی بەخۆیەوە بینی كە گیرۆدەی رۆژگارێكی پێشووترە. ئاوارەبوونی زۆر لە هاووڵاتیان و كەمەنەتەوەكان و زیاتریش لەوانە كریستیانەكان، لەسەر دەستی گرووپێكی ئاینییەوەیە. بەداخەوە ئەم ئاڵۆزییەیش تەنیا هۆكارەكەی بوونی گرفت و نەبوونی سەقامگیریی ناوچەكەیە. مێژوویش سەلماندوویەتی كە هەر كاتێ ئەمەریكا دەستی خستبێتە ئەو ناوچەیە لە زۆربەی حاڵەتەكاندا بارودۆخەكە بە نەرێنی شكاوەتەوە. هەروەها ئێمە بینیومانە لە ناوچەكەدا لەكاتی كەوتنی حوكمی دیكتاتۆرییەتی عیلمانییەكانیش، ئیسلامییە توندڕۆكان دەرفەتەكەیان قۆزتووەتەوە و لە بریتی ئەوان بەدیار كەوتوون و هاتوونەتە حوكمەوە".

(پاڵ) تا ئێرە دیمەنی رۆژهەڵاتی ناوینی بە چەندین شێوە پێناسە كرد كە، رووی قسەكانی تێكڕای وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوینی گرتەوە چ ئەوانەی بە بەهاری عەرەبی لەسەر حوكم لادران و لە مەبەستی ئەودا دیكتاتۆری عەلمانی بوون و شوێنگرەوەی زۆرێك لەوانە بوون بە توندڕۆی ئیسلامی، چ ئەوانەیشی كە لە ئێستادا بوونەتە سەرچاوەی راكردنی هاووڵاتیان لە شوێنەكانیاندا لە سووریا و عێراق، هەروەها چ ئەو وڵاتانەیش كە وەك لوبنان و سعوودیە و وڵاتانی دیكەی ئیسلامی كە توندوتیژیی ئایینی و تایفی و مەزهەبییان تێدایە. بەڵام بۆ رێگەچارە خاڵێكی گرینگ دەورووژێنێت كە ئەویش گۆڕانكاری لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكایە لە رۆژهەڵاتی ناوین، كە ئیدی لە ئێستا بەدواوە وڵاتەكەی چۆن لە رۆژهەڵاتی ناوین بڕوانێت و چ سیاسەتێك پێڕۆ بكرێت (د.رێند پاڵ)، دەڵێت، "من باوەڕم وایە كە، پێویستە لە ئێستادا سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوین بە تێڕوانینێكی نوێ و شێوازێكی نوێوە پێڕۆ بكرێت، ئەو شێوازەیش كە من بانگەشەی بۆ دەكەم دەرچوونە لەو شێوازە سادەیەی ئێستا كە ئەمەریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوینی هەیە، چونكە تا ئێستایش ئێمە بەرژەوەندیی ستراتیژیمان لە ناوچەكەدا ماوە، لە بری ئەمە من دوو بنەمای سەرەكیم بەلاوە گرینگن كە زوومی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوین بە سنوورداری لە چواچێوەی ئەو دوو بنەمایە پێڕۆ بكرێت:
بنەمای یەكەم: خۆم شارەزاییم لە زانستی پزیشكیی مرۆڤدا هەیە، بۆیە پێویستە بەشداریی ئەمەریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوین لەسەر بنچینەی پێكان و زیانی جەستەیی بە ئەنقەست نەبێ: (د.رێند پاڵ، خۆی پزیشكی نەشتەرگەریی چاویشە، نموونە بە دەستەواژەیەك دێنێتەوە كە پزیشكییە جەستەی مرۆڤ تووشی پێكانێك نەبێ بە تایبەت كە پێكانەكەی بە ئەنقەست بێت)، بە هەمان شێوە پێویستە لەهەر بەشدارییەكمان بۆ ناوچەكە و ئەو كێشانەی كە ئەمڕۆ لە رۆژهەڵاتی ناوین هەن بە شێوەیەكی جیددی پشتڕاست بین لە هەوڵ و ئەركمان بە مەبەستی چارەكردنیان بۆ ئەوەی لە بەیانیدا كێشەكان گەورەتر نەكرێن، هەروەها پێویستیشە ڕشت بین لە بەرپرسیارەتی و چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو سەركردە بیانیانەی كە داوای یارمەتی لە ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەكەن و هۆكارێكیشن لە باجدانی ئەمەریكا، بە نموونە، ناتوانین هاندەرێكی سەرەكی جێبەجێكردنی سەربەخۆیی دین و مافی مرۆڤ بین لە دەرەوەی ئەمەریكا، بەڵام لە هەمان كاتدا پارە دەنێرین بۆ ئەو وڵاتانە كە لەو وڵاتانەدا یاسایەك هەیە بۆ لەداردانی ئەو كەسانەی تاوانبارن بە دەرچوون لە ئایین یان بە تەكفیر ناو براون، كەچی گشت یاساكانیشیان وەك چەكێك بەكار ناهێنرێنەوە لە بەرامبەر توندڕۆكانی ئایینی كە لەسەر دەستی ئەوانەوە كریستیانەكان لە ناوچەكانیانەوە ئاوارە بوون، بۆیە پێویستە بۆ هەر وڵاتێك لە ناوچەكەدا بە گوێرەی بەرژەوەندییەكانمان تێڕوانینی و پاڵپشتیمان هەبێت، نەوەك بە گوێرەی پێشكەشكردنی هاوكاری و یارمەتی كە دواجار ئەمەریكا باجەكەی بدات.

بنەمای دووەمیش: پێویستە ئەمەریكا بەشداری بۆ ناوچەكە تەنیا لە حاڵەتێكی دیاریكراوی رووندا بێت كە هەڕەشەیەكی جیددی لەسەر ژیانی ئەمەریكا هەبێت، یان لەسەر بەرژەوەندیی نیشتمانیی ئەمەریكا، یاخود لەسەر هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكە هەبێت، لەو كاتەیشدا بەشداریی ئەمەریكا بە رووخسەتی كۆنگرێس بێت كە باڵاترین پێگەی دەستووری وڵاتە. بەرژەوەندیی ستراتیژیی سەرەكی  بۆ گەرەنتیی ئەمنییەتی سەركەوتووی ئەمەریكا بێت لە ناوچەكەدا. بۆ دڵنیاییش پێویستە لەسەرمان هەمیشە ئامادەی رووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەك بین كە لە ناوچەكەدا بكرێتە سەرمان، بەڵام بۆ بڕیاری بەشداریی سەربازیمان لەناوچەكەدا تەنیا بە فەرمانی كۆنگرێس هێز بجوڵێندرێت بۆ هەر حاڵەتێكی لەناكاو".


ئەم دوو بنەمایەی (رێند پاڵ) كە باسی كردن ئاماژەیەكی روونی بۆ عێراق تێدا بوو بە بێ ئەوەی كە ناوی عێراق بەرێت، چونكە پرسیارەكەی ئێمە پێوەست بە عێراق بوو كە ئەمەریكا چۆن یارمەتیی عێراق دەدات لە كاتێكدا ئەو وڵاتە هاوسۆزی بۆ ئەمەریكا نییە؟، ئاماژەكەیشی بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەوە بوو كە ناكرێت ئەمەریكا چەك بە عێراق بدات و لە بەرامبەریشدا ئەو وڵاتە هۆكارێك بێت بۆ چەوساندنەوەی كریستانەكان و لێدان لە بەرژەوەندیی ئەمەریكا. هەروەها پرسیارەكەی ئێمە پێوەست بە كورد ئەوە بوو كە سیاسەتی ئەوان بۆ پارێزگاریكردن لە هاوپەیمانەكەیان كە كورد لە عێراقدا چی دەبێت، ئەو ناڕاستەوخۆ ئاماژەی كرد كە لە كاتی دروستبوونی مەترسی بۆ سەر هاوپەیمانانی ئەمەریكا پێویستە وڵاتەكەی بەشداریی هەبێت و بیانپارێزی.

ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا (د.رێند پاڵ) لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان قسەی لەسەر (ئۆباما) كرد و چەند رەخنەیەكی ئاڕاستە كرد و رایگەیاند، "(سەرۆك ئۆباما) لە دیسێمبەری ئەمساڵ رایگەیاند و ئاشكرای كرد كە، ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەرێگەی هێرشی ئاسمانی دەست دەكات بە لێدانی داعش بۆ ئەوەی لەنێویان ببات. لە ئێستادا تەركیزی (ئۆباما) لەسەر ئەوەیە كە هێرشی سەربازی بكرێتە سەر رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە عێراق و سووریا، بەڵام (ئۆباما) ژوورەكەی جێ هێشت و كەوتە گوتاردانەوە لە چوارچێوەی فراوانكردنی ئەو ئەركەی كە رۆڵی بۆ گێڕا. من هەست بە بێئومێدی دەكەم بەرانبەر بەو كارەی (ئۆباما) پێی هەڵساوە كە بە بێ رەزامەندیی دیاریكراوی كۆنگرێس بوو، بە شێوەیكی دیكەیش كارەكەی نادەستووری بوو، هەتا ئەگەر ئەو شێوازەی (ئۆباما) راستیش بێت و منیش پشتیوانی لێ بكەم، جێگەی مەترسییە، چونكە پێشێلكردنی بڕیاری كۆنگرێسە، چونكە كۆنگرێس سەروەری یاسایە لە ئەمەریكا. هەروەها (سەرۆك ئۆباما) ڕشتە لەسەر پڕچەككردنی كۆمەڵێك توندڕۆی مامناوەند لە سووریا، ئەمەیش بڕیارێكی حەكیمانە نییە، هەندێ كات ئەم توندڕۆیە مامناوەندانە دەبنە هاوپەیمانی تیرۆریستانی قاعیدە و توندڕۆكانی دیكەی ئیسلامی. بەردەوام گوتوومە ئەمە ئەوپەڕی نەزانییە، كە ئەمەریكا چەك بەوانە بدات و بە شێوەیەكی باش شارەزایی وەرگرن كە لە كۆتاییدا بە شێوەیەكی دی ئەو چەكانە لە دژی هێزەكانمان و هاوپەیمانانمان و ئیسڕائیل بەكار دەهێننەوە لە ناوچەكەدا، ئەم بڕیارە گرینگانە پێویستە لە كۆنگرێس تاوتوو بكرێن و دەنگیان بۆ بدرێت، من لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكاوە بەردەوام دەبم لە رۆڵگێڕانم بۆ ئەوەی لە بەردەم كۆنگرێس بە وردی ئەم بڕیارانە تاوتوو بكرێن،  پابەندیشم بە گەرەنتیی بوونی ئەو جۆرە بڕیارانە كە قورساییان هەیە وەك پرۆسەی سەربازی و یارمەتیدانی دەرەكی، بۆیە پێویستە بە وردی گفتوگۆی لەبارەوە بكەین و بە شێوەیەكی راشكاوانە لە كۆنگرێس لەسەری بدوێین.


پرۆفایل
(د.رێند پاڵ) ناوی تەواوی (راندال هاوارد پاوڵ) ناسراوە بە (راند پاول) لە ساڵی 1963 لە دایك بووە و ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكایە لە لیستی كۆمارییەكان و لە ئێستایشدا تەمەنی 51 ساڵە، 23 ساڵە هاوسەرگیریی كردووە و 3 منداڵی هەیە.

لە ساڵی 2011 بۆ ئەو پۆستە لە لیستی كۆمارییەكانی ئەمەریكا هەڵبژێردراوە. لە ماوەیەكی خێرادا لە بواری دەستووری و دارایی توانای خۆی لە ئەمەریكا جێگیر كردووە و بووەتە یەكێك لە ناسراوترین سیناتۆرەكانی ئەمەریكا. هەروەها بەوە ناسراوە كە دژی سەرپێچیی حكوومییە لە ئەمەریكا و لەو بوارەیشدا لە چەندین كەیسی گرینگدا رۆڵی سەرەكیی گێڕاوە. لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا لە بواری پێوەندیی دیپلۆماسی و تەندروستی و خوێندن و كار رۆڵی سەرەكی هەبووە و پێوەست بە بواری ئاساییشی نێوخۆیی و كاروباری حكوومییشەوە رۆڵی هەبووە.
(د.رێند پاڵ)، خوێندنی پزیشكیی تەواو كردووە و پسپۆڕییەكەی لە نەشتەرگەریی چاوە، بە گوێرەی زانیارییەكانی میدیای ئەمەریكا لەپاڵ كاری سیناتۆری و ئەندانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا، خۆبەشانە یارمەتیی هاووڵاتیانی ئەمەریكا دەدات بۆ نەشتەرگەریی چاو.
یەكێك لە دیارترین كاندیدی پارتیی كۆمارییە بۆ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە ساڵی 2016.
سازدانی دیمانە: شاو كوردی

هەواڵی پەیوەندیدار