پێدەچێ تا کۆتایی ئەم مانگە، پڕۆژەیاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان نەکرێ

بەغد-KDP.info- سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەوکاتەی کە چووە پەرلەمان گوتی، تا10ـی ئەم مانگە پڕۆژەیاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان دەکەن، بەڵام دەرکەوت تا ئەمڕۆیش رەوانە نەکراوە، بڕیاردەری لیژنەی دارایییش لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بەھۆی ئەوەی گۆڕانکاری لە پڕۆژەیاساکەدا دەکرێت، چاوەڕوان دەکرێت تا کۆتاییی ئەم مانگە حکوومەت بودجەیان بۆ رەوانە بکات.
بڕیار دەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق (ئەحمەدی حاجی رەشید) بەماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، "دیارە حکوومەت نەیتوانیوە پڕۆژەیاسای بودجە ئامادە بکات، چونکە گۆڕانکاری لە نرخی نەوت دەکرێت."
(ئەحمەدی حاجی رەشید) گوتیشی، "بەپێی ئەو بەدواداچوونەی ئێمە کردوومانە، چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتایی ئەم مانگەدا پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق رەوانەی پەرلەمان بکرێت."
(رەشید) زیاتر گوتی، لەبەر ئەوەی نرخی نەوت کەم دەکرێتەوە کە بە 70دۆلار خەمڵێنرابوو، بۆیە ھەندێک گۆڕانکاری تێدا دەکرێت و، گۆرانکاری لە ھەندێک ماددەی یاساییشدا دەکرێت پاش ئەوەی رێککەوتن لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا کراوە، بۆیە ئەمانە ھەمووی گۆڕانکارییان تێدا دەکرێت.
بڵند ئیبراھیم




