٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

(کۆسۆفی)ـی سەرکردەی داعش لە مووسڵ کورژار.. داعش کێشەی جیابوونەوەی هەیە

سەرچاوە: KDP.info
حاڵەتێکی لەداردان بە دەست تیرۆریستانی داعش.

مووسڵ-KDP.info-  سەرچاوەیەکی حیزبیی ئاگادار ڕایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، ژمارەیەک تیرۆریستی داعش کوژران و ژمارەیەکی دیکەیش بریندار بوون، لە نێو کوژراواندا سەرکردەیەکی باڵای ئەو رێکخراوە هەیە.

بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە موسڵ(عیسمەت رەجەب) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت، چەکدارانی کەتیبەکانی مووسڵ بۆمبێکی چێندراویان لە ناوچەی عەین جەحش لە باشووری مووسڵ دانابووەوە و بە کاروانێکی ئۆتۆمبێلەکانی تیرۆریستانی داعشدا تەقییەوە، لە ئاکامدا سێ ئۆتۆمبێل سووتان و ژمارەیەک تیرۆریستیش کوژران و هەندێکیشیان بریندار بوون.

(عیسمەت رەجەب) جەختیش دەکاتەوە کە، لەناو کوژراوەکاندا سەرکردەیەکی باڵای داعش ھەیە کە بەرەگەز ئەلبانییە بە ناوی(ئەبوعەبدوڵڵا ئەلکۆسۆفی).

ئەو بەرپرسەی لقی پارتیی لە مووسڵ دەربارەی دۆخی قەزای شنگالیش گوتی، داعش لە قەزای شنگال سێ کاندیدی ھەڵبژاردنی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵی رفاندوون و بۆ شوێنێکی نادیاری بردوون، زیاتر گوتی، ئەو سێ کاندیدە سەر بە کوتلەی عەرەبییە و وەفای نەینەوا بوون و یەکێکیشیان ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵە.

(ڕەجەب) هەروەها ئاماژە بە لەداردانی والیی پێشووی مووسڵ بە ناوی (موعەممەر تەوحەلە) دەڵێ، جیابوونەوە لەنێوان چەکدارانی داعشدا دروست بووە، لەداردانی (تەوحەلە)  و دوو براکەیشی یەکیک لە هۆکارەکانی جیابوونەوە و هەبوونی گرفتن لە نێو داعشدا.
بەپێی زانیارییەکانی (عیسمەت ڕەجەب)، ھەر ئەمڕۆ داعش چوار ئەفسەری سوپای عێراقی لە ناحیەی گەیارە بە ناوەکانی ملازمی یەکەم(موئەییەد لوھێبی) و نەقیب(ئەرکان لوھێبی) و ملازم(مۆفەق ئەلجبووری) و نەقیب(غەیس سەبعاوی) گولـلەباران کردوون، کە ئەمانە لە ریزەکانی ھێزی کاردانەوەی خێرا دەوامیان دەکرد.

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار