سەیدۆ چەتۆ: رزگاركردنی مووسڵ، باشیك و شنگال نزیك بووەتەوە

مووسڵ-KDP.info- سەرۆكی لیستی برایەتی و پێكەوەژیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ دەڵێت، ئامادەكاریی باش بۆ رزگاركردنی مووسڵ كراوە و بەم زووانەیش ئەو پارێزگایە، باشیك و شنگال لە دەست تیرۆریستانی داعش رزگار دەكرێن.
سەرۆكی لیستی برایەتی و پێكەوەژیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ (سەیدۆ چەتۆ)، بە kdp.info-ی راگەیاند، پلانێكی باش دانراوە و بە بەردەوامی ئامادەكاری بۆ رزگاركردنی مووسڵ دەكرێت، لە ئێستایشدا هێزەكانی پۆلیس بە بەردەوامی لە مەشقكردندان لە سەبازگەی دووبەردان و لە میحوەری زومماریش هێزێكی هەزار و 200 كەسی كە پێی دەگوتریت هێزی پاراستنی رۆژئاوای مووسڵ، مەشق دەكەن و بەم زووانە هێزی حەشدی جەماوەری دەست بە ناونووسین دەكات كە لە خەڵكی مووسڵ پێك دێت و ژمارەیان گەلێك زۆر دەبێت كە ئەمانە هەمووی بۆ ئەوەیە لە پرۆسەی رزگاركردنی مووسڵدا بەشداری بكەن.
(چەتۆ) زیاتر گوتی، هێزی پیشمەرگەیش هاوكاریی حكوومەتی ناوەند دەكات بۆ رزگاركردنی مووسڵ، چونكە ئەگەر پێشمەرگە نەبووایە حكوومەتی ناوەند 10 ساڵی دیكە نەیدەتوانی رەبیعە و زوممار ئازاد بكات و لە ئێستایشدا پێشمەرگە لە هەمووسنورەكان لە سەنگەری بەرگریدایە، بۆیە پێویستە هەماهەنگی بكرێت بۆ ئەوەی مووسڵ لە داعش پاك بكرێتەوە.
ئەو هەروەها روونیشی كردەوە، دەستپێكردنی پرۆسەی رزگاركردنی مووسڵ نزیك بووەتەوە و بەم زووانە مووسڵ، شنگال و باشیك لە دەست داعش رزگار دەكرێن، چونكە ئامادەكاریی زۆر باشی بۆ كراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی پلانێكی ئەمنییە، ناكرێ وادەكەی ئاشكرا بكرێت.
بڵند ئیبراهیم




